پارتی و مۆڕاڵی سیاسی..بابەتێکی لۆژیکی خوێنەری بن
(ئەوانەی لە نزیکەوە ئەمناسن ئەزانن کادری حیزب نیم و لە دەرەوەی حیزب بیر و باوەڕم لە بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانییا لەگەڵ پارتی و ڕێبازی بارزانی یەک ئەگرێتەوە، حیزبی بوونیش هیچ خەلەل و عەیبەیەکی تیا نیە بە مەرجێک خاوەن مەبدەئـ و مۆڕاڵ و کەسایەتی تایبەت بە خۆت بیت و شارەزای سیاسەت بیت، منیش کە کادری حیزب نیم ئەوەیە تا ئێستا بۆم نەگونجاوە.)
لە سەرەتای دروست بوونی پارتییەوە وەکو حیزبێکی نەتەوەیی بە چەندین قۆناغی جیاوازی سیاسیدا تێپەڕیوە و هۆکاری نەکەوتن و مانەوەی بە بەهێزی چەندین هۆکاری لە پشت بووە و گرنگترینیان بوونی ئەو ڕێبازەیە کە وەک هێڵێکی سوور لە بابەتە هەستیار و چارەنووس سازە سیاسییە نەتەوەییەکاندا هەر کەس لێی دەرچووبێ ڕێی گەڕانەوەی نەبووە لە هەر ئاست و پێگەیەکی حیزبیدا بووبێت، ئەمەش وایکردووە بەرپرسەکانی هەمیشە ئاگاداری جوڵە و هەنگاوەکانی خۆیان بن تا ئەو سنوورە نەبەزێنن و تەمەنی سیاسییان لە حیزبدا بە کۆتا بێت، دووەم هۆکاری گرنگی نەکەوتن و مانەوەی پارتی بە بەهێزی لە دروست بوونیەوە تا ئێستا ئەوە بووە هەرگیز نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری هەڵای میدیا و بیرکردنەوەی خەڵک و حیزبی تر و ئەجێندای وڵاتانی تر و لە هەموو بار و دۆخ و قۆناغێکدا خاوەنی بڕیار و ستراتیژی تایبەت بە خۆی بووە و هەرگیز لە سەنگەری کاردانەوەدا نەبووە.
جگە لەوانە، پارتی هەموو کات لەسەر بنەمای (دۆستەکانت نزیک ڕابگرە و دوژمن نزیکتر) کاری کردووە و یار و نەیاری خۆی باش ناسیوە و هەموو کات پەیوەندی لەگەڵ هەموواندا باش و بەهێز بووە و هەر لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتنی لەگەڵ بەرامبەرەکانی کردووە، لە کاتی ئاشتیدا ئامادەی شەڕ و لە کاتی شەڕدا بەشی ئاشتی هێشتووەتەوە، بە نموونە لە گەرمەی شەڕی نەگریسی براکوژیدا ئەو کاتەی لە ئیزاعە و تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەکانی یەکێتییەوە لە فیشەک زیاتر جنێو بۆ پارتی و بنەماڵە و خانەوادەی بارزانی ئەهات، هێرۆ خان و دکتۆر فوئاد و چەند سەرکردەیەکی تری یەکێتی بە دیلی کەوتنە دەستی پارتی، لە جێی تۆڵە و ئازاردانیان ڕێزیان گرتن و بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ سلێمانی و تەسلیمی مام جەلال کرانەوە، پیشاندانی ئەم نیەت پاکییە وەک دەستپێشخەری وایک مام جەلالی ڕەحمەتی بیر لە ئاگربەست بکاتەوە و بە تەنیا بێتە سەری بڵند و لەگەڵ ڕێبەرمان بارزانی کۆببێتەوە و کۆتایی بە شەڕی ناوخۆ بهێنن.
سیاسەت فەنی مومکیناتە، زانستی بیرکاری نیە هەموو کات ئەنجام دەقیق و زانراو بێت، هەڵبەت لە حەفتا و یەک ساڵ تەمەنی سیاسەت کردندا بڕیاری ڕاست و هەڵە هەبووە و ئەنجامەکان هەم قوربانی تێدابووە هەم دەستکەوت، تەنانەت لە دوای کارەساتی شازدەی ئۆکتۆبەر پارتی هێندەی لە هەوڵی ڕاستکردنەوەی هەنگاوە هەڵەکانی بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتیدا بووە، هێندە بیری لای موزایەداتی سیاسی تۆمەتبار کردنیان نەبووە کە ئەوەی گوزەرا و بینیمیان خاکفرۆشی و ناپاکیەکی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگر بوو.
هەموو ئەمانە پێمان ئەڵێن پارتی حیزبی دایکە و لە پێناو نەتەوە و نیشتماندا دروست بووە و ئەرکی ئەمڕۆی ئەگەر لە دوێنێ دژوارتر نەبێ ئاسانتر نیە، هەموو ئەوانەی لای پارتی مۆڕاڵ و پرەنسیپ و بەهای باڵا بوون، بۆ ئەمڕۆ ئەبێ گەورەتر و چڕتر بن بەو پێیەی یارییەکە نزیکە لە کۆتایی و چنینەوە بەرهەمی خەباتی لە مێژینەی نەتەوەیەکی ماندوو و نیشتمانێکی بە خوێن ئاودراو.
بوونی بارزانی وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی ئەبێ پێش هەمووان لای کادر و بەرپرسەکانی پارتی جێی ڕێز و نرخاندن بێت، ئەمەش بە دوو قسە و لێدوانی شیرین و هەڵواسینی دوو وێنە و ئاڵا و لۆگۆ ناکرێ، هەموو ئەوانەی تا ئێستا خاوەنی کەم و کوڕی و هەڵە بوون بەرامبەر ئەرک و پێگەکانیان کاتی ئەوەیە بە خۆیاندا بچنەوە و بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و وەک ئەوەی ڕێبەرمان بارزانی لە هەر پێگەیەکدا بووبێ پێشمەرگانە مامەڵەی کردووە، ئەوانیش ئەبێ پێشمەرگانە ئامادە بن لە جێی سنگیان بەرژەوەندییە بچووکە تایبەتییەکانییان بخەنە بەر ئەو فیشەکانەی ئاڕاستەی نیشتمان ئەکرێ پێش ئەوەی چەکوشی چاکسازی دوای ئەم دۆخە بەر سەری خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بکەوێت و دەرفەت بۆ تەوبەکردنیان نەمێنێت.
ئارتین جەلال بەگ
تعليقات
إرسال تعليق