تا کەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێ؟
تەواوی سەرکردە عێراقیەکان بە سوننەو شیعەوە ، هەروەها سەرکردەکانی کوردیش ، هەر هەمویان لە چاوەڕوانیدان بۆ رودانی روداوگەلێکی گەورە ،هەمویان دەزانن ئەو دۆخەی ئێستا بەم شێوەیە بەردەوام نابێ .
ئەمەریکاییەکان گرەویان لەسەر ئەوەبوو کە هەڵبژاردن لەعێراقدا دەکرێت و دەتوانن بەم جۆرەی ئێستا خولێکی تر بۆ حەیدەر عەبادی نوێ دەکەنەوە .
بەڵام روداوەکان بەم شێوەیە نابن کە ئەوان چاوەڕێی دەکەن ، نە سوننەکان ئامادەن بەم دۆخەی ئێستایان بچنە ناو هەڵبژاردنەوە و نە حەیدر عەبادیش پیاوی ئەو دۆخە دەبێ کە چاوەڕێی دەکەین .
کورد بەهێزترین جومگەی ئەمەریکا بوو لە عێراق ، دوای ئەوەی ئەمەریکا ئەو جومگە بەهێزەی بەقوربانی حەیدەر عەبادی کرد ، ئێستا حەیدەر عەبادی لاوزترین جومگەی ئەمەریکایە لە عێراق ، ناتوانێ روبەرووی هەژمونی بەهێزی ئێران بوەستێتەوە (ئەوە ئەگەر لەژێرەوە لەگەڵیدا نەبێ) ، ئەو سەرکەوتنانەی بەسەر کورد و داعشیش کە بەدەستی هێناوە سەرکەوتنی کاتی و فشۆڵن .
هەست دەکرێ ئەمەریکاش خەریکە ئەو قەناعەتەی لەلا دروست دەبێت کە گرەوکردن لەسەر حەیدەر عەبادی گرەوێکی دۆڕاوە ، لە دواکۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش ، هەمومان گوێبیستی ئەوەبووین لەسەر زاری نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لەعێراق کە بەم دۆخەی ئێستا ناتوانرێ هەڵبژاردن بکرێ ، هێزە سونیەکانیش هەمان داواکاریان دوپات کردەوە .
عەبادی نەدەتوانێ ئاوارەسونەکان بگەرێنێتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان ، نە دەشتوانێ شەری گەندەڵی بکات ، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانیش بەو ناکرێت ، ناشتوانێ رێگریان بێ لەبەشداری هەڵبژاردنەکان ، سەبارەت بە گرژیەکانی لەگەڵ کوردیش ناتوانێ ئامادەی گفتوگۆ بێت لەچوارچێوەی دەستوردا ، سەبارەت بە شەری داعشیش سەرکەوتنەکەی بەو جۆرە نیە کە ئیدیعای دەکات ، دۆخی دارایی حکومەتەکەی خراپە ، دەسەڵاتی بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتەکەی لاوازە ،
عەبادی تەنها لەبەرامبەر کوردستان قسەی زاڵە ئەویش بەهۆی سیاسەتی چەوت و ناڕونی ئەمەریکاوەیە،
((ئەگەر هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراقیش ئەنجام بدرێ ناکرێ و نابێ کورد دەنگی لەپاڵ دوبارەهەڵبژاردنەوەی حەیدەر عەبادی بێ یان بچێتە ناو هاوپەیمانیەک عەبادی تێدا بێت ، رونتر بڵێین ،پشتگیری کردن لە دوبارە هەڵبژاردنەوەی عەبادی هەڵەیەکی کوشندەیە ، ئەوەی ئەو کردی لەماوەی سێ مانگی حوکمرانێتیەکەی بەرامبەر بە کورد زۆر زیاتر بوو لەوەی مالیکی بە هەشت ساڵ کردی)) .
ئێستاش ئەو دۆخە نابێ وا بەدرەوام بێ ، کورد بۆیە ریفڕاندمی ئەنجام دا چونکە دەرفەتی بەیەکەوە ژیان لەعێراقدا بونی نەمابوو ، حەیدەر عەبادیش ئەگەر تروسکایەکی پێکەوە ژیان بونی مابوبێت ، ئەو ئەویشی نەهێشت .
پێشێلکاریە دەستوریەکان زیاتر بوون ، عەبادی لەهەوڵەکانی بۆ سڕینەوەی هەرێمی کوردستان و ئابڵوقەخستنەسەری بەردەوامە ،(ناکرێ لەوە زیاتر سەرکردایەتی کوردستان چاوەروانی ئەوە بێ کە کەی عەبادی دەرگای گفتوگۆ دەکاتەوە ، ئەو باوەڕی بە گفتوگۆ نیە بەڵکو چاوەڕێی ئەوەیە کە وەک دۆڕاوێک هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکات) .
چاوەڕێ کردن و مانەوە لەم دۆخەی ئێستادا( نەشەر و نەگفتوگۆ) خزمەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان ناکات ، پێویستە بەو زمانە قسە لەگەڵ عەبادی بکرێ کە لێی تێ دەگات ، چیتیریش نابێ هیوا لەسەر هەڵویستی ئەمەریکا بچنرێت کە یارمەتیمان بدات ، ئەوان کێشەیان هەیە لە جێبەجێ کردنی ستراتیژەکەیان لە ناوچەکە ، هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری بە دوو ئاراستەی جیاواز کاردەکەن ، هەروەها جەوهەری سیاسەتی ئەمەریکا ئەوەیە کە لەگەڵ ئەمری واقع هەڵسوکەوت دەکات ، کێ براوەبێ و سەرکێش بێت لەگەڵ ئەودایە .
#نیازحاجی
۲٠۱۷/۱۱/۲۳
تعليقات
إرسال تعليق