ڕێبوار تەها:عەبادی یاری بە هەستی گەلی کورد دەکات
پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت، عەبادی "یاری بە هەستی گەلی کورد دەکات" و پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە لەبارەی ناردنی مووچە و دەستکردن بە گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان.
لە راگەێیندراوێکدا رێبوار تەها، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رەخنە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەگرێت، لەسەر بەردەوامی سزاکانی سەر کوردستان و پابەندنەبوونی بەو بەڵێنانەی داویەتی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
رێبوار تەها، کە نوێنەری کەرکووکە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "هەموو جارێک گوێمان لە لێدوان و بەڵێندان دەبێ بەبێ جێبەجێکردن و پەیڕەوکردنی لەسەر ئەرزی واقیع، بەتایبەتی کە گەلی عێراق لە باکوورییەوە تاوەکو باشووری دەناڵێنێت. لە هەرێمی کوردستاندا تاوانی هاونیشتمانی کورد چییە کە ناتوانێت گەشت بکات بەهۆی رێکارەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە؟ سەرەڕای ئەوەی ئێمە هیواخوازبووین ئەو رێکارانەی لەدوای گشتپرسییەوە گیرانەبەر زیان بە گەلی کورد نەگەیەنێت".
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی رایگەیاندووە، لەڕاستیدا ئەوە روویدا، بەپێچەوانەی ئەو قسانە بوون لە میدیاکانەوە دەکران.
رێبوار تەها دەشڵێت: "ماوەیەک بەر لە ئێستا گوێمان لە بەڵێنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام هیچ رێکارێکی جیددی لەو بارەیەوە نییە، لەڕاستیدا ئەمە بە یاریکردن دادەندرێت بە هەستی گەلی کورد، کە خەریکە متمانەی بەو لێدوانانە نامێنێت".
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە بەغدا هۆشداری دەدات لە ئاڵۆزبوونەوەی دۆخەکە و دەڵێت "کاتێک هێزەکان چوونە ناوچە جێناکۆکان ململانێی سیاسی لەو ناوچانەدا سەریانهەڵدا و ئەمەش جارێکی دیکە دەرگای دۆزەخ دەکاتەوە بۆ دروستکردنی ململانێی تائیفی". داواشدەکات چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵی بکرێت "ئەگەرنا رەنگە ئەوە رووبدات کە کەس نایەوێت".
لە درێژەی راگەێیندراوەکەدا هاتووە: "دەبێت گوێ لە مەرجەعی ئایینی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حیزبە سیاسییەکان بگیرێت، سەرۆکوەزیران لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا دابنێین و ئەنجامی ئەو هەڵانەشی لەئەستۆ بێت کە رەنگە رووبدەن. چۆن بێدەنگی دەکرێت بەرامبەر ئەوەی لە قەزای دووزخوورماتوو روویدا و نیوەی دانیشتووانەکەی ئاوارەکران و سەدەها ماڵ سووتێندران، بەڵام گوێمان لە یەک وشەش نەبوو لەوبارەیەوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشپرسێت: "رێگر چییە ئێستا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت، لەکاتێکدا هەولێر پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی کردووە و دەرگای لەسەر پشت کردووەتەوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جیددی".
عەبادی تاوەکو ئێستا چەندین جار ئاماژەی بەوەکردووە ئامادەن بۆ گفتوگۆ و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوایکردووە گفتوگۆکان دەستپێبکەن، بەڵام حکومەتی عێراق هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێن و لێدوانەکانی نەناوە.
تعليقات
إرسال تعليق