لە واشنتنەوە بۆ تاران، ترامپ یان ئیزرائیل بۆ گیانی ئێران؟
لە سەرەتای دەست بەکاربوونییەوە تا ئێستا ترامپ جیاوازترین سەرۆکی ئەمریکا بووە، کەسایەتییەکی توند و بوێری هەیە و سڵ لە بڕیاری قورس و سەرکێشی سیاسیی ناکاتەوە.
دژایەتی ئەو بۆ سیاسەتی ئیدارەکانی پێشووتری ئەمریکا و خواستی ئەو بۆ گەیاندنی ئەمریکا بەو نەتەوە بەهێزەی هەرگیز هیچ نەتەوەیەک پێی نەگەیشتووە وا ئەکات هەنگاوەکانی لە سروشتی هاوکێشەکان خێراتر بن.
ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل گەورەترین گورز بووە لە دوای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە بەر ئەوانە کەوتبێ کە دژی سیاسەتی ئەمریکان، لە ئێستاشدا ئەم دانپێدانانە گەورەترین و بەهێزترین گورزە بەر کۆماری ئیسلامی ئێران بکەوێت و ناچاری ئەکات لە نێوان دوو ئەگەردا بڕیار بدات، کە بریتین لە:
۱ـ قبوڵکردنی شکست بەرامبەر سیاسەتی ئەمریکا و وازهێنان لە خەونی دروستکردنی هیلالی شیعی و چوونە ژێر باڵی هەژموونگەرایی ئەمریکا وەک دەوڵەتانی کەنداو.
۲ـ چڕ کردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و هەوڵدان بۆ دروستکردنی هیلالی شیعی.
بێگومان ئێران ئەگەری دووەم هەڵئەبژێرێت و ئەمەش ئەبێتە هۆکاری لە دەستدانی هەژموونی سیاسی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا بەو پێیەی ڕووسیا بە یەکجاری پشتی تێکردووە و هەوڵی ڕاگرتنی باڵانسی پەیوەندی و هێز ئەدا لەگەڵ ئەمریکا، لە بەرامبەردا ئەمە بیانووی تەواو ئەدات بە ئیدارەی ترامپ تا دەستکراوەتر بێ بۆ قەڵاچۆکردنی میلیشیاکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوو ساڵی کۆتایی یەکەم کابینەی ترامپ دا، و لە سەرەتای دووەم کابینەی دا بە یەکجاری کۆتایی بە حوکمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەهێنێت و ئێران ئەبێتە کۆمارێکی فیدراڵی و لە سەرەتای ساڵی نوێوە هاوکێشەکان زۆر خێراتر ئەگۆڕێن و زۆر شتی چاوەڕوان نەکراو بە ڕێوەیە.
ئارتین جەلال بەگ
تعليقات
إرسال تعليق