سەرۆک کۆماری عیراق بڕیارەکەی ترەمپ لەبارەی قودسەوە بە توندی رەتدەکاتەوە
سەرۆک کۆماری عیراق، بڕیارەکەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبارەی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بە توندی رەتدەکاتەوەو هۆشداریی دا لەدەرەنجامی مەترسیداری ئەو بڕیارە.
لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عیراق بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای رەتکردەوە بۆ بەرەسمیی ناسینی قودس وەک پایتەختی ئیسراییل و گواستنەوەی بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەل ئەبیبەوە بۆ شاری قودس، هۆشدارییدا "لە دەرەنجامی مەترسیداری جەنگ و ململانێی چەکداریی و پەرەسەندنی تێرۆر کە ناوچەکە و جیهان بەخۆیەوە دەبینێت".
لەراگەیەندراوەکەدا، سەرۆک کۆمار "رەتکردنەوەی توندی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ ئەم بڕیارە ستەمکارو بێ بیانوەی ئیدارەی ئەمەریکا کە گورزێکی توند ئەوەشێنێت لە پرۆسەی ئاشتیی لە ناوچەکەدا".
هەروەها رونیشیکردۆتەوە "ئەم بڕیارە پێشێلکردنێکی ئاشکرای قانونی نێودەوڵەتیی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانە لەو روەوە سەرباری ئەوەی پێشێلکردنی مافە رەواکانی گەلی فەڵەستینی برایە".
فوئاد مەعسوم جەختی کردوەتەوە لەوەی "تاکە چارەسەری رەواو سەرتاسەریی مەسەلەی فەڵەستین هەر بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ دێتەدی و شادبونی بە مافەکانی دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ هێڵەکانی چواری حوزەیرانی 1967 کە پاتەختەکەی قودسی پیرۆز بێت."
ئەوەش دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەفەرمی قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و فەرمانی دا بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودس، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی فەڵەستینییەکان و وڵاتانی عەرەبی و جیهانی.
تعليقات
إرسال تعليق