سێ لایەنەکە بۆچی دەچنه بغدا؟ چیان هەیە بۆ بیدەنە؟عەبادی؟
بوونی تێگەیشتن و ڕێکەوتن هەموو کات شتێکی باشە بە مەرجێک زەرەرمەند نەبیت و بە قەبارەی ئەوەی ئەیبەخشی بەدەستی بهێنیت.
سبەی وەفدی هاوبەشی هاودید و کۆمەڵ و گۆڕان ئەڕۆنە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆببنەوە، لێرەیا یەک پرسیار دروست ئەبێ، ئەم سێ لایەنە چییان هەیە بیبەخشن بە عەبادی تا مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی پێ وەرگرن؟ لە وەڵاما هیچ ئەدۆزیتەوە، کەواتە بۆ ئەچن؟ هەر کۆبوونەوەیە لە پێناو کۆبوونەوە؟ یان چی؟
ئەم سێ لایەنە سبەی ئەگەر هەڵبژاردنی عێراق بکرێ (کە دیار نیە ئەکرێ یا نا، ئەگەر ئەکرێ کەی؟ ئەگەر ناکرێ بۆ؟) بە هەموویان یازدە بۆ دوازدە کورسی پاڕلەمانی عێراق بەدەستناهێنن، ناتوانن ببنە هاوپەیمانێکی بەهێز تا حەیدەر عەبادی پشتیان پێ ببەستێ بۆ دووبارە بوونی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، چوونی ئەمان پشت ئەستوورە بە ئومێدێکی پووچ و نیەتێک بۆ گەوجاندنی میللەت کە بە جددی خەمخۆرن، ئومێدە پووچەکان بریتین لە:
۱ـ ئەو فشارە نێودەوڵەتییەی لەسەر حکومەتی عێراقە بۆ جێگیرکردنی لانی کەم دە تریلیۆن دینار وەک بەشە بودجەی کوردستان.
۲ـ ئاڵۆزییەکانی ئێران و ترسی عەبادی لە کەوتن یا لاواز بوونی کۆماری سێدارەی ئێران.
ئەمەش لە سیاسەتا پێی ئەوترێ خۆهەڵواسین بە ڕێکەوتا، وەک فڕێدانی زاری قومارە و لای من پەسەندە، بەڵام ئەم سێ لایەنە ئەبێ یەک پرسیار لە خۆیان بکەن، ئەگەر ئەو دوو ئەگەرە جێی ئومێد بوونایە، پارتی و یەکێتی یان ڕاستتر بڵێین نوێنەرایەتی حکومەت کە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانین پێش ئەوان نەئەکەوتن؟
ئەم لایەنانە بەداخەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتییا وەک سیاسەتی ناوخۆییان کۆڵ و دەستەپاچەن، کورتبین و هەڵەشەن، هەر ئەمەیە نەیانتوانیوە و ناشتوانن شتێکی باش پێشکەش بە خەڵک و دەنگدەرانیان بکەن.
بە کورتی،، دۆخی ئێران ئاسایی ئەکرێتەوە و دەنگی ناڕازی کپ ئەکرێ، بەس ئەوەی ڕووی یا سەرەتایەکی باشە بۆ لەناوبردنی کۆماری سێدارە و گۆڕینی سیستمی حوکمی ئێران بەرەو فیدراڵی، فشارە نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر حکومەتی عێراق تەنها ڕۆتیناتن و لە واقیعا هیچ ناگۆڕێ، هەموو ئەمانە مانای ئەوەیە هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان کوردستان و عێراق ڕوو نایا و ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێمەیە.
ئارتن جەلال بەگ
تعليقات
إرسال تعليق