مامەڵەی هەندێک وڵات لە گەڵ ئەو ژنانەی شوویان بە سەربازانی داگیرکەر کردووە
عێراق ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٥٠٠ ژنی داعشی بیانی لایە و وڵاتەکانیان وەریان ناگرنەوە. لەبەر ئەوە عێراق بە پێی یاسای سزادانی عێراقی دادگاییان دەکات. عێراق دەڵێ ئەو ژنە بیانییانە بە نایاسایی هاتوونەتە عێراقەوە. بە پێی ئەو یاساییەی ئەو ژنانەی پێ دادگایی دەگرێت ئەگەر هەیە زیندانی هەتا هەتایی بۆ هەندێکیان دەربچێت و ئەگەری سزادانی هەندێکیشیان بە لەسێدارەدان هەیە.
ژنان لە شەڕ و جەنگدا لە لایەکەوە قوربانی دەستدرێژیی کردنە سەرن و لە لایەکی تریشەوە بە شووکردنیان بە سەرباز یان چەکداری بیانی، بە تایبەتی ئەگەر بەداگیرکەر هەژمار کران، تاوانبار دەکرێن. لە هەمووی دژوارتر بارودۆخی ئەو منداڵانەیە کە لەو دایک و باوکانە دەبن.
لە جەنگی دووەمی جیهاندا ژنانی زۆرێک لەو وڵاتانەی ئەڵمانیا داگیری کردبوون، شوویان بە سەرباز و ئەفسەری ئەڵمانی کردووە. هەندێک لەو وڵاتانە دوای کۆتایی هاتنی جەنگ ئەو ژنانەی دادگایی کردووە کە شوویان بە ئەڵمانییەکان کردووە و، هەندێکیشیان ڕەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە، چونکە پیاوە ئەڵمانییەکان لە ڕێگەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەوە توانیوویانە ببنە خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتی داگیرکراو و بمێننەوە.
لە وڵاتێکی وەک نەرویج لە نێوان ٥٠٠٠٠ تا ١٠٠٠٠٠ کچ و ژنی نەرویجی شوویان بە سەرباز و ئەفسەری ئەڵمانی کردووە لە کاتی جەنگی دووەمی جیهاندا. بە پێی یاسای سیڤیلی ساڵی ١٩٢٤ی نەرویجی ئەو کچ و ژنە نەرویجییانەی شوویان کردووە بە پیاوانی بیانی مافەکانیان لێ نەسەندراوەتەوە بە مەرجێک لە نەرویج ژیابێتن، بەڵام لە دوای جەنگی دووەمی جیهان ئەو جۆرە ژنانە لە نەرویج دەرکران و ڕەگەزنامەی نەرویجییان لێ سەندرایەوە.
پەرلەمانی نەرویجی لە ساڵی ١٩٤٦ بڕیاری لەسەر یاسایەک دا کە وەزیری دەوڵەت پێشنیاری کردبوو و بە زیانی ئەو ژنە نەرویجییانە تەواو بوو کە شوویان بە ئەڵمانییەکان کردبوو. لە پرۆژەی یاساکەدا هاتبوو کە "زۆربەی ئەو ژنانەی بەو جۆرە شوویان کردووە هەڵسوکەوتێکیان کردووە شایەنی ڕێز نین، چونکە پەیوەندییان لە گەڵ هێزی داگیرکەر کردووە. ئەوانە کاتێک لە گەڵ سەرباز و ئەفسەرانی داگیرکەر هاوسەگیری دەکەن دەبێ پەیوەندییان بە نەرویجەوە ببڕن و باشتر وایە لە نزیکترین کاتدا نەرویج بەجێ بهێڵن. لە ساڵی ١٩٥٠ ئەو یاسایە هەموار کرایەوە و ڕێگە درا بەو ژنانەی کە شوو بە پیاوی بێگانە کردووە مافەکانیان بدرێتەوە و وەک هاوڵاتییەکی نەرویجی مامەڵەیان لە گەڵ بکرێت.
ئەو ژنانەی شوویان بە پیاوانی ئەڵمانی کردبوو و لە گەڵ پیاوەکانیان چووبوونەوە بۆ ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، ڕێگەیان پێ نەدراوە سەردانی کەسوکارەکانیشیان لە نەرویج بکەنەوە و، لەوێ خۆیان و تەنانەت پیاوە ئەڵمانییەکانیشیان کاریان دەست نەکەوتووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بەدواوە ئەو ژنە نەرویجییانەی شوویان بە پیاوی ئەڵمانی کردبوو دەیانتوانی وەک هاوڵاتییەکانی نەرویجی خاوەن مافی تەواو بگەڕێنەوە بۆ نەرویج.
ئێستا کچ و ژنی نەرویجی کە هاوسەگیریی لە گەڵ پیاوی بێگانە دەکەن هاوڵاتی نەرویجین و هەموو مافێکی خۆیان هەیە و منداڵەکانیشیان هەمان مافیان هەیە.
خالد رەنجدەر
تعليقات
إرسال تعليق