عیفرین بۆ کەوت؟

خەڵک ئەبێ تێبگا سیاسەت عاتیفە نیە، قسەی زل و زمانی درێژی سەر میدیاکان نیە، بە تەنیا ئازایەتی و خۆ بەکوشتدان نیە، ئەوەی عیفرینی بەو دەردە برد پەکەکە بوو نەک تورکیا.

ئەوەی چەند ساڵە کوردستانی ڕۆژئاوای داگیرکردووە رژێمی سوریایە نەک تورکیا، ئەوەی چەند ساڵە کوردانی ڕۆژئاوا ئەچەوسێنێتەوە ئەسەدە نەک ئەردۆغان، چ عەجەب کوردانی ڕۆژئاوا ببنە دۆستی داگیرکەر و زاڵمەکەی خۆیان و دوژمنایەتی دوژمنێکی دوورتریان پێ بکرێ؟! کوردانی باکور ئیشیان چییە؟ بۆ ئەبێ کوردی ڕۆژئاوا خوێن بۆ ئەوان بڕێژن و ئەوانیش مەراسیمی دوو ملیۆن کەسی لە ناو جەرگەی ئامەد بۆ پێشوازی لە ئەردۆغان ساز بکەن؟! کەواتە لێرەدایاریزانێکی گەورەتر لە عەقڵیەتی پەیەدە هەڵسوڕێنەری یاریەکەیە، ئەویش ئێرانە، چۆن؟

پەکەکە وەک حیزبێکی چەکدار مافی خۆی بووە و ناچارە دۆستی ئێران بێت لە کاتێکدا دژی تورکیای داگیرکەر لە باکور ئەجەنگێ (ئەگەر بجەنگێ)، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک بۆ پەیەدە ڕاست نیە، یارییەکە بەم شێوەیە ڕێکخرا لە تارانەوە، لە پێناو نەکەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد حکومەتی ئێران پەکەکەی ناچار پەیەدە دروست بکات و نەهێڵێت خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بکەوێتە دەست هێزەکانی بەرەی نوصرە و داعش و سوپای ئازاد کە دروستکراوی دەستی تورکیان، ئێران و سوریا تا ئەو شوێنە توانیان دۆستی پەیەدە و پەکەکە بن کە بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیا نەبوو، ئێستا کە ئێران و تورکیا لە هاوکێشەیەکی گەورەتردا هاوبەرژەوەندی بەریتانیان، هەموو ئەوەی هەبوو پێچەوانە ئەشکێتەوە، یەکەم ئاماژەشی کەوتنی عیفرین بوو، نزیکترین دەرئەنجامیشی گەلەکۆمەکەی سەر پەکەکە ئەبێت بە ڕێکەوتنی چوار قۆڵی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا لەسەر سفرە گەورەکەی ئینگیز.

ئەگەر پەکەکە فەرزی ئیرادەی سیاسی خۆی بەسەر پەیەدەدا نەکردبا و لە جێی دوژمنایەتی تورکیا پەیەدە دژی سوریا شەڕی کردبا، ئێستا هەموو شتێک پێچەوانە بوو، نە خوێنی ئەو هەموو قارەمانە بە بەلاش ئەڕژا نە جارێکیتر وەک کەرکووک شکۆی کورد ئەشکێنرا، لێرەدا ئەبێ یەک پەندی مێژوویی بە ئامۆژگاری وەربگرین، کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان پێش فارس و تورک و عەرەب قوربانی دەستی ئەو هێزە کوردیانەیە کە موخابەراتی دوژمن دروستی کردوون وەک یەکێتی و پەکەکە.

ئارتین جەلال بەگ

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن