بۆ ئەوەی زیندوو بیت ئەبێ نەژیت.


ئەمە کورتترین و پوختترین پێناسەی ئەو واقیعەیە کە ئەگوزەرێ، ئەمریکا ئەو بەهەشتەی خەونی گەورەی هەر ئینسانێکی غەیرە ئەمریکییە و بە خۆیان ئەڵێن: (ئەمریکا عالەمێکی جیاوازە و حوکمی عالەمەکەی تریش ئەکا) و خاوەنی زۆرترین سەرمایەیە لە ڕووی ئابووری و زانست و سەربازی و تەکنەلۆژیایە و بەهێزترین و مەزنترین نەتەوەی سەر زەوین و ڕاستگۆترین (ڕاستگۆترین نەک دادگەرترین و ئەخلاقیترین) سیستمی کاپیتاڵیزم تیایا حوکم ئەکا، لە بەرامبەر کاسینۆکانی لاس ڤێگاس و بیرە نەوتەکانی تەکساس و هیوستن و تریلیۆنەها دۆلاری هۆڵی ود و بە پیتترین خاکی خوا و زەبەلاحترین کارگە و کۆمپانیاکانی جیهان و هەزارەها فەزڵی تر، بە پێی دوا ئامار ئێستا لەو بەهەشتەی خوا سەرو چل و سێ ملیۆن ئەمریکی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، پێنج سەد و پەنجا هەزار ئەمریکتی بێ ماڵن و شەوانە لەسەر شەقام و حاوییەکان ئەخەون، چل و دوو ملیۆن ئەمریکی لە بەردەم مەترسی برسی بوونان، لە هەر پێنج مناڵێک یەکێکیان بە دەست برسیەتییەوە ئەناڵێنێ.

ئاوێنەکە گەورەتر بکەین، ئێستا لە سەرتاسەری جیهانا هەشت سەد ملیۆن ئینسان بەشی خواردنی ئاسایی خۆی نیە، حەوت سەد و حەفتا ملیۆنی تر داهاتی ڕۆژانەیان لە خوار دۆلار و نیوێکەوەیە (دوو هەزاری خۆمان)، هەر خولەکێک شەش مناڵ ئەمرێ بە هۆی برسیەتی و ئەو نەخۆشیانەی بە هۆی هەژاری و برسیەتییەوە دووچاری ئەبن، شەست شەش ملیۆن ئینسان ئاوارە و بێ ماڵن.

دابەشکاری داهاتی سەر زەوی بەم جۆرەیە:
۱ـ سەدا پەنجای داهاتی زەوی بە دەست (٪٦) ی مرۆڤایەتییەوەیە.
۲ـ سەدا پەنجاکەی تری بە دەست (٪۹٤)ی خەڵکەکەی ترەوەیە بە ڕێژەی جیاواز.

ئەو سەدا شەشە تەنها ئەو کەسانە ئەگرێتەوە کە سەرمایەیان لە سەرو پێنج ملیۆن دۆلارەوەیە (پێنج سەد دەفتەر).

ئەگەر کەسێک سەد ساڵ بژی، لەو سەد ساڵەیا هەر مانگێک یەک دەفتەر دۆلار بخوات، بۆ هەموو تەمەنی پێویستی بە دوانزە ملیۆن دۆلارە (هەزار و دوو سەد دەفتەر).

ئەوانەی لەو پارەیە زیاتریان هەیە، ئەگەر لەو خاڵەیا بوەستن و دەرفەت بەن یەکێک لە چینی خوارەوە گەشە بکات و گەورە بێت، لە ماوەی چەند ساڵێکا شەڕ و کوشتار بە یەکجاری بنبڕ ئەبێ، هەموو ئەوەی پێویست ئەبێ سیستمێکی ئەخلاقییە کە ڕێکارەکان ڕێکخات، چونکە داهاتی زەوی سێ هێندەی پێویستی دانیشتوانەکەیەتی.
بەس ئەمە شتێک نیە لەگەڵ چاوچنۆکی ئینسانا یەکبگرێتەوە، ئێمە بەس لە زەلیلی و برسیەتییا ئینسانی باشین ئەویش لەبەر ئەوەی لەوە کەم تواناترین خراپەمان پێ بکرێت، تۆیەک کە خاوەنی پێنج هەزاری دڕاویت و وردە قەرز حسابکەی دەفتەرێ قەرزاری و گلەییت لە ناعەدالەتی هەیە، لەو دۆخە دەرچیت وانامێنیت و ئەبیتە ئاغایەکی چاوچنۆک، چونکە لەو عالەمەیا تاکە ڕێگای مانەوەت گەورەتر بوونە.

ناعەدالەتی سیستمێکی جیهانییە و زۆر دەمێکە سەپێنراوە و هەزاران پێغەمەبەر پێیان نەگۆڕا، تەنانەت ئەو پێغەمەرانەی کە ئاغایەتییان نەکرد نە سەرکەوتن نە خۆیان مان نە دین و پەیامەکەیان، هەم کوژران هەم مێژوو ناوی تۆمار نەکردن(بۆ زانیاریتان بەس لە بەینی موسا و عیسایا زیاد لە هەزار پێغەمەر هاتووە لە میزۆپۆتامیا و حیجاز)، ئەوەی باڵانسی ژیانی ڕاگرتووە زوڵمە نەک عەدالەت.

ئێمە وەک کورد، بەو پێیەی سەد ساڵێک دوورین لە عالەم، دەرفەتی ژیانمان کەمێ زیاترە، تۆ کە خاوەنی ژوور و نان و مەعیشەتێکی، دەسی پێوە بگرە نەڕوا و لە جێی گلەیی و بۆڵە بۆڵی بێ سوود هەوڵبە ئەوەی هەتە لە دەسی نەیەیت و تۆزێ باشتری کەی، سیستمێک بەو هەموو پێغەمەرە نەگۆڕابێ هات و هاوار و فرمێسکی تۆ نایگۆڕێ.
زوڵم کە لە ئەستووریا ئەپچڕێ مانای نەمانی زوڵم نیە، ئەوە ژانی لە دایک بوونی زاڵمێکی گەورەترە.

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن