دەستوور بۆتە مۆتەکەی حکومەتی عێراق

کاتێک دەستووری عێراقی دەخوێنیتەوە ، کاتێک لە مادە و بڕگەکانی دەستوور دەکۆڵیتەوە دەردەکەوێ ئـەوانەی ئـێستا ھوتاف کێش و بانگەشەکاری جێبەجێکردنی دەسوورن خۆیان دەیان مادە و بڕگەی دەستووریان پێشێلکردووە ! ئـەگەر دادگا و یاسا ھەبێت ( کە نیە ) لەسەر ئـەم ئـەم بێحورمەتی و پێشێلکارییە دەستووریە ، دەبێت ئـەوانەی دەبابەی ئـەبرامزیان ھێنا ، ئـەوانەی ماڵ و خانووی ھاوڵاتیان سووتان ، ئـەوانەی سوکایەتی و بێحورمەتیان بە خەڵک کرد ، ئـەوانەی خاک و خەڵکیان فرۆشت دەبێت دادگایی بکرێن ( چونکە بە پێی دەستوور ھەموو ئەم کارانە پێشێلکاری ڕوونی دەستووریە )

حکومەتی عێراق لەو ئـافرەتە دەچێت کە دەڕواتە دوکانێکی بەقاڵەوە و کام تەماتە و کولەکەی  بەدڵ بێت ھەڵیدەگرێ و ئـەڕوا ، دەسەڵاتدارانی بەغداش ھەمان سیفەت و ئـەرکیان ھەیە ، کام مادەی دەستووریان بەدڵ بێت ھەڵیدەگرن و لەسەر تیڤی بەپەنجەی ھەڕەشە و خۆسوورکردنەوە جاڕی جێبەجێکردنی دەستوور دەدەن ، بێئـاگا لەوەی خۆیان پێشێلکاری دەستوورن !

کێشەی ئـەم وڵاتە ئـەوەیە ئـەوانەی یاسا و دەستوور دائـەڕێژن خۆشیان بڕوایان بەو یاسایانە نیە کە دەریان کردووە ، کاتێک دەستووری عێراق دەخوێنیتەوە خەیاڵی وڵاتێک دەکەیت پڕە لە یەکاسانی و دادپەروەریی نێوان پێکھاتەکان ، وا ھەستدەکەیت ئـەم وڵاتە لێوان لێوە لە ئـاسوودەیی و خوشگوزەرانی ، بەڵام کاتێک لە واقیعدا دەبینیت تەنھا چەند کەس و تاقم و دەستیەک وڵاتێک بەئـارەزووی خۆیان ھەڵئـەسوڕێنن و لەدەرەوەی بیر و بۆچوونی خۆیان کەسیان قبوڵ نیە ، ئـینجا تێدەگەیت دەستوور ئـەرزشی پوشێکی نیە !

کێشەی کاربەدەستانی عێراق ئـەوەیە ، تۆیان قبوڵ نیە وەکو پێکھاتە و جەمسەرێکی سەرەکی وڵات ، ئـەوان تۆیان ئـەوێ وەکو ژێردەستە و زەلیل ، ئـەوان فێری فەرھەنگ و کلتووری پێکەوە ژیان نەبوون ، بیر و ڕای جیاوازیان پێ ھەزم ناکرێت ! لەسەرەتای دروستبوونی عێراقەوە تاکو ئـەمڕۆ یەک ئـامانج و خەونیان ھەیە و ئـەوەی گۆڕاوە تەنھا دەم و چاوەکانە و ھیچی تر !

ئـێستا حکومەتی عێراق ھەم بانگەشەکاری جێبەجێکردنی دەستوورە ھەم پێشێلکاری دەستوور ، زیاتر لە ٥٠ مادەی دەستووریان پێشێلکردووە ! فەرموون ئـەگەر بڕواتان بەیاسا ھەیە با دەستوور جێبەجێبکەین ؟ کاربەدەستانی عێراق ئـێستا لەوە تێگەشتوون دەستوور بۆتە مۆتەکە و لەکۆڵیان نابێتەوە ئـاگینا ئـەوان ھەر لەبنەڕەتەوە بڕوایان بە دەستوور نیە و نەبووە ، فەرموون ئـەوە عەرز و ئـەوە گەرز با دەستوور سەنگی مەحەک بێت بزانین کێ تاوانبارە و کێ بێتاوان ....


دیلان بارزان

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن