بەپەلە:یەکێتی دەسەڵاتەکانی پارێزگار رادەستى گۆڕان ناکات

سەرەڕای واژۆکردنی مەرسوومی ھەڤاڵ ئەبوبەکر وەکوو پارێزگاری سلێمانی لەلایەن سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ھیچ پێشبینییەک ناکرێت یەکێتی لە سلێمانی ئەو پۆستە یان دەسەڵاتەکانی پارێزگار بەتەواوی، رادەست بە بزووتنەوەی گۆڕان بکات. ئەندامێکی جڤاتی گۆڕانیش ئاماژە بەوە دەدات، ئێستا بەپێی رێککەوتن ئەو پۆستە حەقەبەشی گۆڕانە و ھیچ لەمپەرێکی لەبەردەم ھەڤاڵ ئەبوبەکردا نەماوە کە ببێتە پارێزگاری سلێمانی.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر، وەکوو کاندیدی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی، کە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٤ کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا، زۆرینەی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەدەست ھێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتدا کە نەوشیروان مستەفاش، وەکوو ڕێکخەری گشتیی گۆڕان لە ژیاندا بوو، گۆڕان لە پێدانی ئەو پۆستە بە یەکێتی سازشی کرد و ھەڤاڵ ئەبوبەکر نەگەیشت بە کورسییەکەی پارێزگاری سلێمانی.

ئێستاش کە زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر ئەو ھەڵبژاردنەدا تێپەڕیوە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە وەکوو پارێزگاری سلێمانی واژۆ لەسەر مەرسوومی دەستبەکاربوونی کراوە، ئەو ماوەیەشی لەبەردەم ھەڤاڵ ئەبوبەکردایە لەو پۆستەدا، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکان، چوار ساڵە و ئێستا تەنیا ساڵێکی ماوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (باس) کە لە سەرچاوەی ئاگەدارەوە لە یەکێتیەوە دەستی کەوتوون، یەکێتی دەیەوێ بە خۆنزیککردنەوەی لە گۆڕان و دووبارە دانیشتنەوە لەگەڵی، بەناوی سەرکردایەتیی ھاوبەش، ئەو پۆستە نەداتە گۆڕان، ئەوەش لە کاتێکدا کە یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیشی لەدەست داوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە دۆخێکیشدا ئەگەر گۆڕان پێداگری لەسەر دەستبەکاربوونی ھەڤاڵ ئەبوبەکر بکات، ئەوە یەکێتی لە بەرنامەیدایە پارێزگاری سلێمانی بێ دەسەڵات بکات و بە دەردی سەردار قادر کە لە پشکی گۆڕان بە وەکالەت بووە پارێزگاری سلێمانی ببات، تا ناچاری بکات خۆی واز لە پۆستەکەی بھێنێت.

بەپێی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، پۆستی پارێزگاری سلێمانی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان ھەردوولادا دابەش کرا، دوای تەواو بوونی ٢ ساڵی یەکێتی کە لەلایەن ئاسۆ فەرەیدونەوە پۆستەکە بەڕێوە برا، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦ سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی دەست بەکار بوو دوای ٥ مانگ و ١٠ ڕۆژ ئەویش دەستی لە کار کێشایەوە.

ئەوکات سەردار قادر ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی گەڕاندەوە بۆ بێدەسەڵاتی لە پۆستەکەیی و ململانێی سیاسی ئاگادارنەبوون لە تەواوی داھاتی سلێمانی.

ھەر بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک نیازی نەبووە ئەو پۆستە بداتە گۆڕان، ھەر لەسەرەتاوە بیانووی بە ھەڤاڵ ئەبوبەکر گرتووە و بە ”بەعسیبوون“ تۆمەتباری کردووە، دواتریش کە رێککەوتنی لەگەڵ گۆڕاندا کردووە کە دوو ساڵی یەکەم بۆ یەکێتی و دوو ساڵی دووەم بۆ گۆڕان بێت، لە بەرنامەیدا بووە لە دوای ئەو دوو ساڵەش ڕێگەی دیکە بۆ پێنەدانی ئەو پۆستە بە گۆڕان بدۆزێتەوە، ئێستاش دەیەوێ لە ڕێگەی خۆنزیککردنەوە لە گۆڕان و سەردانی گۆڕەکەی نەوشیروان مستەفا، لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتییەوە موجامەلەی گۆڕان بکات، تا لە وەرگرتنی ئەو پۆستە بێدەنگ بێت.

ھەر بەپێی زانیاریەکانی (باس) کە لەسەرچاوەی ئاگەدار لە یەکێتیەوە دەستی کەوتوون، یەکێتی لە رادەستنەکردنی ئەو پۆستە بە گۆڕان دەیەوێ چەند ئامانجێکی سیاسیی خۆی لە سلێمانی بپێکێت.

لەوانە، بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو لایەنگرانی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی ھیچ ھیوایەکیان بە دەنگدانیان بە کاندیدەکانی گۆڕان نابێت.

ھەروەھا، گۆڕان بەو ھۆیەوە لەو پارێزگایە دەپووکێتەوە و یەکێتی دەتوانێ لەو دۆخەدا بە کاندیدێکی بەھێز پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە ھەڵبژاردنی داھاتوو مسۆگەر بکات، ھەر بەو ھۆیەشەوە باڵێکی گۆڕان ئێستا درکی تەواوی بەو سیاسەتەی یەکێتی لە سلێمانی کردووە و داوای لە جڤاتی گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندن کردووە، سەرکردایەتیی ھاوبەشیان لەگەڵ یەکێتی ھەڵوەشێننەوە و زیاتر لەوە لە سلێمانی سازش بۆ یەکێتی نەکەن.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر، کاندیدی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، بوونی ئەوان بە پارێزگاری سلێمانی تەنیا کاروباری رۆتینیی ماوە و لەم ماوەیەدا ئەو پۆستە وەردەگرن، گوتی: ”زانیاریم نییە لەوەی کە یەکێتی ڤیتۆم لەسەر دابنێت، یان دەسەڵاتی پارێزگارم نەبێ، بەڵام لە ھەر دۆخێکدا بێگومان قسەی خۆمم دەبێت“.

لای خۆشیانەوە، کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، ئێستا نووسراوی فەرمی کراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەستبەرکابوونی ھەڤاڵ ئەبوبەکر لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، وەکوو گۆڕان چاوەڕێی واژۆکردنی بڕیارەکەن، گوتیشی: ”بەپێی رێککەوتنی نێوانمان لەگەڵ یەکێتی، ئەو پۆستە حەقەبەشی گۆڕانە و ھیچ لەمپەرێک لەبەردەمیدا نەماوە“.

دوێنێ دووشەممە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، واژۆیان لەسەر نووسراوی دەستبەکاربوونی ھەڤاڵ ئەبوبەکر وەکوو پاریزگاری سلێمانی کردووە، ھیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست.

(باس) لە سەرچاوەی ئاگەدار لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە زانیویەتی، لەناو گۆڕاندا دەنگێکی بەرز دروست بووە کە لەگەڵ ئەوەدا نییە بۆ جارێکی دیکە گۆڕان لە پەنای ھیچ ڕێککەوتنێک خۆی لە یەکێتی نزیک بکاتەوە، تەنانەت ئەو باڵەی گۆڕان داوای لە جڤاتی گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندن کردووە سەرکردایەتیی ھاوبەش لەگەڵ یەکێتی ھەڵوەشێننەوە.

بەوھۆیەشەوە، لە چەند رۆژی رابردوو، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بە مانشێتی ئەوەی ئەم سەرکردایەتییە لە چیدا ھاوبەشە! نووسیویەتی، ”لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئەوەی دژی بەرنامەی گۆڕان و بەرژەوەندیی گشتی بوو، یەکێتی کردی، ئێستا ھیچ ھاوبەشییەک نابینم لەنێو گۆڕان و یەکێتی، تا سەرکردایەتیی ھاوبەش ھەبێت، ئەوەی ھەیە، یەکێتی دەیەوێت گۆڕان بەکار بھێنێت بۆ سڕینەوەی ناشرینییەکانی و بەکاری بھێنێت بۆ ھەڵبژاردن، ئاساییە گۆڕان و یەکێتی کۆ ببنەوە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، سەرکردایەتیی ھاوبەشە“.

لای خۆشیانەوە، ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) راگەیاند،  لە ساڵی ٢٠١٦ رێککەوتنێکیان لەگەڵ یەکێتی ھەیە، کە دەسەڵاتی پارێزگار بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، گوتی: ”بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەردەگرێتەوە، کە کاندیدی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە ھەڤاڵ ئەبوبەکرە“.

بەڵام، سەباح فەتاح، ئەندامی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، راستە ڕێککەوتن ھەیە ئەو پۆستە دوو ساڵ بۆ یەکێتی و دوو ساڵ بۆ گۆڕان بێت، یەکێتی دوو ساڵەکەی تەواو کرد کە ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی بوو، بەڵام گۆڕان خۆی ئەو پۆستەی وەرنەگرت، ئێستاش ئەگەر بیەوێ وەری بگرێت ئەوە یەکێتی و گۆڕان سەرکردایەتیی ھاوبەشیان ھەیە و دەکرێ لەوێدا لە رووی سیاسییەوە قسەی لەسەر بکەنەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن