بەپەلە:عەرەبی هاوردە دەگەڕێندرێنوە كەركووك

بەرپرسانی كورد لە پارێزگای كەركووك نیگەرانن لەوەی كێشەی بەعەرەبكردن دوای مانگێك لە گەڕانەوەی سوپای عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەو شارە، گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەكەم. بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێ "ئەگەر پەرلەمانتارانی كورد بەپەلە خەمی ئەو پرسە نەخۆن، هەموو ریسەكەی ماددەی 140 دەبێتەوە خوری".  
 مەهدی موبارەك، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك كە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئاوارەی هەولێر بووە، چەند ساڵێك گرێبەستە كشتوكاڵییەكان پڕكار و سەرقاڵیان كردبوو. ئەو گرێبەستانەی دەبوو لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ماددەی 140دا هەڵبوەشێنەوە و زەوییەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان، بەڵام ئەو دەڵێت: "ئەو عەرەبانەی كە گرێبەستمان هەڵوەشاندنەوە لەبەر ئەوەی زەویی خەڵكیان داگیركردبوو، ئێستا دووبارە دەستیان كردووە بە گەڕانەوە بۆ سەر زەوییەكان و لە خاوەنە رەسەنەكانیان وەرگرتوونەتەوە و دایانچاندوون. بەتایبەت لە دوبز و داقوق و یایچی". 
 رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، سوپای عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی پەلاماری كەركووك و خورماتوو و چەند ناوچەیەكی دیكەیان دا و داگیریان كردن، ئەوە هاوكات دەستگرتنیش بوو بەسەر هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەپیتدا كە ساڵانێكی كەم بوو لە عەرەبە هاوردەكان وەرگیرابوونەوە و رادەستی خاوەنە راستەقینەكانیان كرابوون. مانگێك دوای هێرشەكە، بارانی پایز و كاتی چاندن دەستیپێكرد. مەهدی موبارەك دەڵێت: "ئەمساڵ لەنێو بەشێك لە زەوییەكاندا دیسانەوە عەرەبی هاوردە دانەوێڵەیان چاندووە و كوردەكانیان دەركردووە، ئێستا ئەوان بوونەتەوە خاوەن ماڵ و كار بە گرێبەستە كۆنەكانی خۆیان دەكەن و بەغداش كارئاسانییان بۆ دەكات". 
 لەگەڵ كوڕ و كچەكانی لەنێو كێڵگەكەیدا سەرقاڵی رنینی تەماتە و خەیاری رەنجی ئەو ساڵەی بوو لەسەر زەوییەك كە ساڵانێكی درێژ بەدەست عەرەبی هاوردەوە بوو. عەبدولوەهاب حەسەن ئێجگار دڵخۆش بوو " تاوەكو پێشمەرگە لەم ناوچەیە بێ و كەركووك بەدەست كوردەوە بێ، ئیتر ئەو رۆژە نابینین عەرەب بێت و زەوییەكەم داگیر بكات و منیش لە دوورەوە سەیریان بكەم"، بەڵام مانگێك دوای ئەو قسانەی عەبدولوەهاب بۆ (رووداو)، هەموو ئەوە روویدا كە ئەو جووتیارە كوردە لێی دەترسا. ئێستا ئەو ناسەقامگیر و پەرێشانە، چاوەڕێ دەكات دیسانەوە عەرەبەكان بێنەوە و لەسەر زەوییەكەی دەریپەڕێنن. 
 لە دوای ئەو رووداوانەوە، كورد هیچ دەسەڵاتێكی ئیداری و سەربازی لە كەركووك و خورماتوو نەماوە. حكومەتی بەغدا پارێزگارێكی عەرەبی بە وەكالەت بۆ شارەكە داناوە. بەڕێوەبەری زۆربەی فەرمانگەكانیش بەدەست كوردەوە نەماون. بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك دەڵێ ئێستا بە چڕی ئەو عەرەبانە هاتوچۆی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی گرێبەستە هەڵوەشاوەكانیان رەتبكرێتەوە و سەرلەنوێ گرێبەست بكرێتەوە بەناویانەوە، لە وەزارەتی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەرێتییەكانی كشتوكاڵی دوبز و كەركووك و داقوق و یایچی و ئەو ناوچانە رۆژانە دێن و دەچن و خەریكی مامەڵەن "ئەوە لەكاتێكدایە ئەو گرێبەستانە بەپێی بڕیاری ژمارە 4ی ماددەی 140 لە ساڵی 2007 هەڵوشاونەتەوە و زەوییەكان گەڕێنراونەتەوە بۆ خاوەنەكانیان، بەڵام ئەوان داوا لە كشتوكاڵی ئەو شوێنانە دەكەن دان بەو بڕیارانەدا نەنرێ و مامەڵە لەگەڵ ئەوان بكرێ، تەنانەت لە هەندێ جێگا گوشاری زۆر دەخەنە سەر كشتوكاڵ". 

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن