داعش بەناونیشانی (ئاڵا سپییەکان) سەریهەڵدایەوە
شەوی ڕابردوو پەلاماری ھێزەکانی سوپای عیراق درا لەسنوری ھەردوو گوندی (غێدەو حەفتەغار)ی قەزای داقوقی سەر بەپارێزگای کەرکوک، دواتریش ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەزاری بەرپرسانی سوپاوە رایگەیاند: "گرووپەکە داعش بوون و بەتوندیش وەڵامیان دراوەتەوە".
وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی میحوەری چواری ھێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند: "بەڵێ ڕاستە ئەوانەی ئەو پەلامارەیان ئەنجامدا، داعش بوون".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاشکرایکرد، "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە، چەکدارانی گرووپی تیرۆریستی داعش بەتەواوی سنووری پارێزگای کەرکوکدا بڵاوبوونەتەوەو مەترسی زۆریان بۆسەر ناوچەکە دروستکردووە".
سەبارەت بەبوونی ھێزەکانی سوپای عیراق و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیەکان، وەستا ڕەسوڵ وتی:"ھێزەکانی سوپای عیراق تەنھا لەسەر جادەی قیڕن و لەنێو قوڵایی سنووری پارێزگاکە وەکو گوندەکان بوونیان نییە، ئەمەش زەمینەی بۆ تیرۆریستان ڕەخساندووە بەناوچەکەدا ھاوشێوەی ٢٠١٤ بڵاوببنەوە".
لەبارەی ناسنامەی ئەو گروپەش کە بەئاڵا سپیەکان خۆیان ناساندووە، ئاشکرایکرد، "ئەوانە ھەر داعش بوون، بەڵام بۆئەوەی خۆیان ڕێکبخەنەوە فێڵیان لەڕای گشتیی کردو ئێستاش خۆیان ڕێکخستۆتەوەو بەناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە".
تعليقات
إرسال تعليق