بۆچی هەر سلێمانی؟


لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تا ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ هەر شۆڕشێک کرابێ یەکەم کاروانی لە سلێمانییەوە بە ڕێ کەوتووە و یەکەم و دوا شەهید و قوربانی هەر ڕۆڵەی ئەو سنوورە بووە، ئەو مەدینە صەعبەی عەرشی هەموو ڕژێمە داگیرکەرەکانی ئەهەژاند یەک لە دوای یەک و ببووە نیشتمانی لە دایک بوونی هەر شۆڕش و بەرخودانێک، پێچەوانەی قوربانیدانی لە دوای ڕاپەڕینەوە دوا شوێن بووە خزمەت بکرێ کە نەشکراوە، لە جێی خزمەت و پاداشتکردنی خەڵکە گیان لەسەر دەستەکەی کراوەتە مۆڵگەی تەراتێنی یارییە هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان و ململانێی ئابڕووبەری حیزبی و شێواندنی سروشتی خەڵک و خاکەکەی.
هەر حیزب و لایەنێک بە کۆن و تازە هەڵتۆقیوەوە ئەگەر خەڵکی سلێمانی لە پشت نەبووبێ میدیا و شەقامی نەبووە و تەنانەت لە سیاسەت کردنیشا براوە بووبێ و بووبێتە هێزی یەکەم و دووەم، نەیتوانیوە خۆی لە شاڵاوی حیزبۆچکەکانی تر بپارێزێ و هەموو ئەوەی هەیە بە ئاشکرا بیڵێ و هەموو کات ناچار بووە فۆڕمێک لە حیزبایەتی پیادە بکات لە بەرەی پاکانە و شەرمنییا ببینرێ، پارتی بە نموونە.

بەو پێیەی بزووتنەوەی گۆڕان پشت ئەستوور بە هەژدە ساڵ خەلەلی ئیداری پارتی و یەکێتی و کەسایەتی و مێژووی نەوشیروان مستەفا توانی سۆزی زۆرینەی خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری بەدەست بهێنێ، بێ هیچ بەرنامە و ستراتیژ و ئەجێندایەکی واقیعی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بووە خاوەنی کاریگەرترین میدیا و شەقام، یەکێتیش لە ڕووی میدیاییەوە زۆرترین سوودی لە سلێمانی بینیوە و ئێستاش بیر لە سۆزی شەقام ئەکاتەوە، بەڵام پارتی هیچیانی نیە، چونکە لە ناو جەرگەی سلێمانیدا خۆی سڕیوەتەوە، هۆکاری سەرەکیش شەڕی نەگریسی براکوژی و ئیتیفاقییەی ستراتیژی و کۆمەڵێ لق و ناوچەی خوار و بەرپرسی بودەڵ و گەندەڵ و ناشی بوو لە سلێمانی.

ئێستا، دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر دەنگی یەکێتی دەیان هێندەی دەنگی پارتی زوڵاڵە، جیا لەوەی ئیرهابێکی فکری بە شێوەیەکی سیستماتیک ساڵانێکی زۆرە خەریکی شێواندنی دیدگا و بیرکردنەوەی خەڵکی سلێمانییە و کاری خۆی کردووە، بەس غیابی پارتیش لە سلێمانی هیچی کەمتر نەبووە لەو ئیرهابە فکرییە، بەردەوام بوونی ئەمەش تەنها پارتی و سلێمانی لێی زەرەرمەندن، ئەوانیتر هیچیان نیە بیدۆڕێنن دەنا پەنایان بۆ پەکخستنی هەڵبژاردن و دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ نەئەبرد.

پارتی دوا کارتی خۆی بەدەستەوە ماوە سلێمانی ئاشت بکاتەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دەرەوەی بنکە و بارەگانی بێتەوە ناو خەڵک و تەوبەی یەکجارەکی بکا لە بەردەمی شارەکەی شێخ و لانکەی بارزانی و داوای لێبووردن لەو خەڵکەی خۆی بکا کە چەند ساڵە جێی هێشتووە، بە پێچەوانەوە هەر ئەوانەی کەرکووکیان فرۆشت سلێمانیش هەڕاج ئەکەن و جارێکیتر ئەوەی باجی گەورە ئەیا هەر سلێمانی و پارتییە.

ئارتین جەلال بەگ

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن