قۆناغێکی نوێ ..
دوو رۆژ پێش ئێستا روسیا کۆتایی هاتنی داعشی لە سوریا راگەیاند ، ئەمڕۆش حەیدەر عەبادی و دوای ئەویش برێت ماکگۆرک بەهەمان شێوە کۆتایی داعشیان لە عێراقدا راگەیاند ، سەرەڕای ئەوە، داعش ژمارەیەکی زۆر چەکدار و گروپی جۆراوجۆری میلیشیای و تیرۆریستی نوێی لەدوای خۆی لە عێراق و سوریا جێ هێشتووە ، هەروەها نەشتوانراوە تەواوی ئەندامەکانی داعش لەناو ببرێن ، هەندێک لە شارەزایانی ئەو بوارە باس لەوە دەکەن کە داعش زیاتر لە ۸٠٪ ی توانای مرۆیی و سەربازی خۆی پاراستوە یاخود نەتوانراوە لەناو ببرێن .
ئەم دوو راگەیاندنەی عيراق و روسيا ، دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا بە فەڕمی قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساندووە ، لە یەمەنیش عەلی عبداللە صالح کوژراوە ، لە سینای میسریش پانزە رۆژ پێش ئێستا تاوانێکی تیرۆریستی گەورە ئەنجام درا و دوای ئەو تاوانە عبدالفتاح سیسی گەورەترین هەڵمەتی سەربازی لە سینا راگەیاند .
ئەمەریکاش ناوچەیەکی زۆری سوریای لەرێی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەژێردەستدای و گوێی بەهەڕەشەو نیگەرانیەکانی تورکیا نەداوە .
قەیس خەزعەلی سەرکردەی عەصائیب اهل الحق لە سنوری لوبنان بینرا ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هیلالی شیعە بەتەواوی تەواو کراوە لەسەر جەستەی تێکوپێک شکاوی ناوچەسونیەکانی عێراق و سوریا ،ئەم دەرکەوتنە پەیامێکیشە بۆ ئیسرائیل و ئەمەریکا و وڵاتانی میحوەری سوننە .
لەلایەکی تر ، پێشبڕکێی چەک کرێن ناوچەکەی گرتۆتەوە ، هاوپەیمانێتیەکی ئیسلامی راگەیەنراوە ، ئەمەریکا پەیتا پەیتا هێز بۆ عێراق دەنێرت و بڵاوەیان پێدەکات لە بنکەی سەربازی نوێ ،سەرەرای بونی چەندین داواکاری ، نەتوانراوە هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان بەغدا و هەولێر بێتە ئاراوە ، ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لە عێراق رۆژبەرۆژ لاوازتر دەبێت و عەبادیش نەدەتوانێ چاکسازی بکات و نە حەشدی شەعبیش هەڵبوەشێنێتەوە .
((دیمەنی ئێستای روداوەکانی ناوچەکە و ئەکتەرەکانی، وەک دیمەنی فلیمە کاوبۆییەکانە کاتێک کۆمەڵێک کەس دەمانچەیان لەسەر سەری یەکتر داناوە و هەریەک چاوەڕێی ئەوی تر دەکات فیشەکێک بتەقێنێت)) .
هاوپەیمانی شەری داعش کۆتایی پێ هات ، لەگەڵیدا ئەو سراتیژەش کۆتایی پێ دێ کە ئەو هاوپەیمانێتیە کاری لەسەری دەکرد ، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو هاوپەیمانێتیە دەبینین کە هاوسەنگی هێزی هەرێمی لە ناوچەکەدا بەتەواوی تێکچووە ، زیدەڕۆیییەکی زۆر لەلایەن چەندین و وڵات و گروپی میلیشیایی لەناوچەکدا رویداوە ، ئەمە پێویست دەکات کە ستراتیژێکی نوێی شوێنگرەوەی ستراتیژی پێشوو بێتە ئاراوە ، ناکرێ لە بۆشایی نەبونی هیچ ستراتیژیەتێکدا، ناوچەکە ئاوا بهێڵرێتەوە ،چونکە ئەگەر وانەکرێ ، ئەوا سەرەداوی کۆنتڕۆڵکردنەوەی روداوەکان لەدەستی زلهێزان دەردەچێت و زۆر بەزەحمەت کۆنترۆڵ دەکرێتەوە جارێکی تر !
تەواوی رای چاودێران وایە کەستراتیژە شوێنگرەوەکە ، بەرکاربونی ستراتیژی نوێی ئەمەریکایە کە تڕەمپ ماوەیەک پێش ئێستا رایگەیاند .
#نیازحاجی
تعليقات
إرسال تعليق