ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌

ماوەی مانگێک زیاترە خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، بەھۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە ھیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان دوورەپەرێزی و ناکۆکی لەنێوان سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا بەدی دەکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی باڵاوە دەستی ھەفتەنامەی (باس) کەوتوون، باڵێکی بزووتنەوەی گۆڕان، بەتایبەتی ئەوانەی کە ئێستا لەنێو گۆڕاندا بەرپرسیاریەتییان ھەیە، زۆرترین کێشەیان لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا ھەیە و بەشێکی زۆریان داوای ھەڵوەشاندنەوەی خانەی ڕاپەڕاندن دەکەن.

لەو بارەیەوە شێخ عومەر کاکەحەمە، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکدا بۆ ھەفتەنامەی (باس) ڕای گەیاند: «کێشەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندیی بە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕانەوە ھەیە، چونکە لە ھەڵبژاردنەکاندا زۆر پەلە کراوە، ھەروەھا گەنجان و ژنان داوای ئەوەیان کردووە بەشداریی خانەی ڕاپەڕاندن بکەن، بێ گومان ئێمە بە ‌باشمان زانیوە ڕێژەی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لە حەوت کەسەوە بەرز بێتەوە بۆ زیاتر، بۆ ئەوەی ئەندامانی ھەولێر و دھۆک و گەنجان و ژنان لەنێو خانەکەدا پێگەی خۆیان ھەبوایە“.

گوتیشی: «ڕاستە عومەری سەید عەلی، کەسێکی شۆڕشگێڕە، بەڵام لەبری ئەوەی پۆستی ڕێکخەری گشتییی بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێت، باشتر وابوو مەرجەعی بزووتنەوەی گۆڕان بوایە، یان کەسێکی دیکە پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی وەربگرتایە و عومەری سەید عەلی، وەک مەرجەع چاودێریی ئیش و کارەکانی گۆڕانی بکردایە”.

دەربارەی ئەوەی تا چەند ڕاستە عومەری سەید عەلی، بەھۆی کێشە ‌ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان واز لە پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەھێنێت، ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە دا، ئێمە حەز ناکەین کاک عومەر بەھۆی کێشەکانی گۆڕانەوە نیگەران بێت، بێ گومان ئەگەر عەمەری سەید عەلی دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، کارێکی باش ناکات، چونکە ئەو وەک باوکێک وایە بۆ ئێمە،‌ بەڵام لە ھەر حاڵەتێکدا ئەگەر دەستبەرداری پۆستەکەشی بێت، گۆڕان کەسی باشی ھەیە بتوانێ پۆستی ڕێکخەری گشتی بەڕێوە بەرێت، بۆ نموونە، پێش ئەوەی ھەڵبژاردن بکرێت، یان پۆستی ڕێکخەری گشتی دیاری بکرێت، ھەندێک کەسی ناو گۆڕان پێیان خۆش بوو قادری حاجی عەلی، پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێت، چونکە ئەو تەمەنەکەشی گونجاوە و کەسێکە لە چەند بوارێکی جیاوازدا شارەزایی باشی ھەیە“.

ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی لەوەش کرد: «بزووتنەوەی گۆڕان ھێندەی حزبەکانی دیکە کێشەی ناوخۆی نییە، بۆیە ناکرێ ئێمە خۆمان بە حزبێکی بێ کێشە بزانین، بەڵام ئەگەر کێشەمان ھەبێت دەتوانین کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، چونکە ھیچ کەسێک لەناو گۆڕاندا تەماحیی پارە و دەسەڵاتی نییە، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆمان ئاسانە و دەتوانین تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەین”.

شایانی باسە چونکە لە بنەڕەتدا دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، سروشتی و وەک پێداویستیی ھەلومەرجی سیاسی و دۆخی کۆمەڵایەتی و بنەمایەکی فیکری و ئایدیۆلۆژی نەبوو، بەڵکوو بەرھەمی پەرچەکردار و ململانێی بەرژەوەندی و ئیمتیاز بوو، بۆیە نەک تا ئێستا خاوەنی ڕوئیایەکی دروست نییە بۆ ھاوکێشەی سیاسیی کوردستان، بەڵکوو دواجار بەریەکەوتنی بەرژەوەندی و جەمسەرگیرییەکانی ناو بزووتنەوەکە، کە ھەر یەکەیان لە بەرەیەکی جیاوازی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ھاتوون و خۆیان خزاندووەتە ناو بزووتنەوەکە و ھەر زوو ڕەنگدانەوەی بەسەر گوتار و ھەڵوێستەکانی ئو بزووتنەوەیە لە ئاستی ناوخۆی خۆی و بۆ دەرەوەی خۆی دەرکەوت، تا ئاستی باڵ باڵێن.

بە جۆرێک، باڵ باڵێن لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا، بە تایپ و فۆڕمێکی وایە،کە پێشتر لەناو ھیچ حزبێکی دیکەدا ھاوشێوەی نەبووە. باڵی سلێمانی، باڵی ھەولێر و باڵی گەرمیانییەکان.. باڵی کۆنە یەکێتییەکان و کۆنە ئیخوانەکان، کە ھەر یەکە لەو باڵانە بە خەیاڵێکەوە دەیەوێ جێدەستی لە سیاسەتەکانی بزووتنەوەکەدا ھەبێت، بزووتنەوەکەی تووشی قەیرانێکی ناوخۆیی کردووە، قەیرانێک ئەگەرچی ئێستا شاراوەیە، یان ڕاستتر بڵێین شاردراوەتەوە، بەڵام لە ئاییندەی توندبوونی بەریەککەوتنی زیاتری بەرژەوەندیی ئەو باڵانە بەتوندی دەتەقێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامێکی تری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە (باس)ی ڕاگەیاند: «کێشەی سەرەکیی گۆڕان ئەوەیە کە خانەی ڕاپەڕاندن لاوازە و توانای بڕیاردانی سیاسیی نییە،‌ چونکە کۆمەڵێک کەسی بەتەمەن بەڕێوەی دەبەن و ھیچ ئەزموونێکی سیاسییان نییە“.

گوتیشی: «ھەندێک جار گەنجانی گۆڕان بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەو سەرکردانەی خانەی ڕاپەڕاندن، ھێرشی ناڕەوا ئاڕاستەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن، بە جۆرێک ئێستا ململانێیەکی زۆر لەنێوان توێژی گەنجان و کەسە بەتەمەنەکاندا ھەیە، بێ گومان ئێمەش بەھۆی ئەو کێشانەوە نیگەرانین، بەڵام ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەین”. گوتیشی: «ڕاستە گۆڕان و یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسییان واژۆ کردووە، بەڵام گەنجانی گۆڕان لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەدا نین، چونکە دەزانین یەکێتی ڕاستگۆ نییە و ئێمەش نامانەوێ یەکێتی بەھۆی ئەو ڕێککەوتنەوە گۆڕان بەکار بھێنێت. گوتیشی: «کێشە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلیی نیگەران کردووە و بە جۆرێک ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، یاخود نەفەسی زیاتر بکێشێت، ئەوا کاک عومەر ناچارە دەست لە کار بکێشێتەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن