ئومێدێک لەناو ترس و نائومێدی میللەتێک دا..
بەرەبەیانی شازدەی ئۆکتۆبەر ترسێک هات و دوای چەند کاتژمێرێک بوو بە گەورەترین نائومێدی کە لە دوای نسکۆی ۱۹۷٤ەوە بۆ یەکەم جار بەرۆکی گرتبووین، کوردێک نەبوو فرمێسک نەڕێژێ و وەک تازیەبارێک غەم سەرتاپای نەگرێتەوە، کارەسات و ناپاکییەکە بە ڕادەیەک جەرگبڕ و پشت شکێن بوو خەریک بوو هەموومان بڕوا بە مەرگی نیشتمان بهێنین و بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بێ دڵسۆز و برا خودا و چیاکانیش پشتمان ناگرن.
شازدەی مانگ تێپەڕی و ڕاستییەکان یەک یەک ئاشکرابوون و ئەوانەی بکەر و پلان داڕێژەری ئەو ناپاکییە بوون کەوتنە پاساو هێنانەوە و داڕشتنەوەی پلان و موئامەرەی تر بۆ سپی کردنەوەی ئەو مێژووەی بە ڕەش نووسییان، ڕێبەرمان بارزانی و دەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایش ڕاگر هەموو هەوڵێکیان دا و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی براکوژییان ڕەواندەوە، لێرەوە کاری سەرۆک وەزیران دەستی پێکرد.
نێچیرڤان بارزانی وەک دیوی دووەمی سیاسەتی حکومەتی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم هەوڵی بۆ دروستکردنەوەی باڵانسی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان سەرکەوتوو بوو، شێوازی مامەڵەی سیاسی ئەو ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەو هەنگاوە و تەنانەت لەگەڵ ئەو کەسانەشدا کۆبووەوە کە هۆکاری یەکەمی ئەو کارەساتە بوون کە بەسەرمان هات، یارییە دیپلۆماسییەکانی بە حکومەتی بەغدا و شەخصی حەیدەر عەبادی کە براوەی جەنگ و داگیرکارییەکە بوون جێی سەرسوڕمانی هەموو ئەوانە بوو کە لە سیاسەت تێئەگەن.
هاوکات، هەنگاوە سیاسی و دیپلۆماتییەکانی لە ناوخۆی عێراق و کوردستان تێپەڕی و دەوڵەتانی زلهێزیشی گرتەوە و ئەوەی تا ئێرە کردوویەتی بە سەرکەوتوویی تێی پەڕاندووە، دوا سەردانی بۆ کۆشکی ئەلیزێی پاریس و ئەو پێشوازییە تایبەتەی لە خۆی و شاندی یاوەری کرا کە هەمان جۆری مامەڵە کردن بوو لەگەڵ دەوڵەتێکی خاوەن سیادە لە لایەن لیژنەی پڕۆتۆکۆڵی کۆشکی ئەلیزێوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو دۆخێکدا توانای مامەڵەی سەرکەوتووانەی هەیە و شکست ناناسێ و لە خراپترینن دۆخدا ئەتوانین متمانەی ئەوەی پێبکەین وڵات بگەیەنێتە کەناری ئارامی و بووژانەوە و سەرکەوتن.
ئارتین جەلال بەگ
تعليقات
إرسال تعليق