زانیاری لەبارەی ئەو گروپەی بە ناوی سوپای ڕزگاری سونه لە سنووری کفری پەیدابووە
كاتێک تیمێك له كارمه‌ندانی ئاسایش له گوندەکانى ناحیه‌ی نه‌وجولدا ده‌سوڕانه‌وه، چه‌كدارێكی گوماناوییان به‌رچاو كه‌وت، به‌هۆی ریش و پرچە درێژەکەیه‌وه ته‌قه‌یان لێ‌كرد و كوشتیان، ئه‌و چه‌كداره حاته‌م بوو كه عه‌ره‌بێكی سونه مه‌زهه‌بی ناحیه‌ی سلێمان به‌گه و چه‌كداری قاعیده بووه، دواتر بووه به داعش، دوای كوشتنی زانرا كه له‌گه‌ڵ گروپێكی چه‌كداردا چووەتە گوندی په‌ڵكانه‌ی قه‌زای كفرییەوە.
هاوڕێكانی حاته‌م، وه‌ك گروپێكی چه‌كدار له ناوچه‌كه‌دا له گه‌شه‌یه‌كی زۆر خێرادان و ده‌یان چیرۆك له‌سه‌ر چۆنیه‌تی په‌یدابوونیان باس ده‌كرێت.
هه‌ندێ زانیاری ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، گروپه‌كه له عه‌ره‌بی سونه و كورد پێكهاتووە، ئاڵایه‌كی سپییان هه‌ڵكردووه كه سه‌ری شێرێكی له‌سه‌ره و گروپه‌كه‌ش ناوی سوپای ڕزگاریی سونه‌یه، له هه‌ندێک شوێن پۆلیسی كورد باره‌گای بۆ چۆڵ كردوون و تێیدا جێگیر بوون، ڕۆژانه فڕۆكه سه‌ردانیان ده‌كات، له‌سه‌ر ڕێگا لاوه‌كییه‌كان بازگه‌یان هه‌یه و قسه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌و گروپه باره‌گایان له شه‌ریكه‌ی زه‌نبوور هه‌یه له خۆرهه‌ڵاتی داقوق و به درێژایی ئه‌و زنجیره چیا له گونده‌كانی په‌ڵكانه‌ی سه‌روو و په‌ڵكانه‌ی خواروو له‌گه‌ڵ به‌له‌گه‌ی خواروو له خۆرئاوای كفری باره‌گای تریان هه‌یه، ئه‌وان له‌م زنجیره چیا بوونیان هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا ناسنامه‌یان ئاشكرا نییه و نازانرێ ئامانج له هاتنیان بۆ ناوچه‌كه چییه، ئه‌وه‌ش ڕوون نییه كه چۆن ڕێگا به بوونیان دراوە لەو ناوچەیە.
به‌رپرسانی كورد له ناوچه‌كه ده‌ڵێن زانیاری وردیان لایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ڕاگه‌یاندن گرنگه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان چاودێری جوڵه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه ده‌كه‌ن.
ئێن ئاڕ تی چووە به‌رزاییه‌كانی غه‌ڕه و په‌ڵكانه، هه‌مان شوێن كه ده‌وترێ ئه‌و گروپه چه‌كداره‌ی تێدان، كه‌سێك ڕێبه‌ریی کردین كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه و ئاگاداری جوڵه‌ی چه‌كداره‌كانی ئێره‌یه، زانیاری ته‌واوی له‌و شایه‌تحاڵانه كۆكردووه‌ته‌وه كه له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌كاندا قسه‌یان كردووه.
چه‌كداره‌كان له نێوان زنجیره چیای حه‌مرین و گونده‌كانی كفریدا له هاتوچۆی به‌رده‌وامدان و وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌وڵی خۆ ڕێكخستنه‌وه بده‌ن، به‌ڵام ڕوون نییه له‌ژێر ناوی سوپای ڕزگاری سونه و ئاڵا سپییه‌كه‌دا ده‌بێت، یان ئه‌وه تاكتیكه و پاش خۆڕێكخستنه‌وه به هه‌مان ناو و ئاڵای داعشه‌وه ده‌رده‌كه‌ونه‌وه.
تعليقات
إرسال تعليق