ئێستا .. راگهینراویكی به‌په‌له له‌وه‌زارتی پێشمه‌رگه‌وه
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له راگه‌يه‌ندراوێكدا وه‌ڵامى وتاره‌كه‌ى ئه‌مڕۆى سه‌رۆك وه‌زيران حه‌يده‌ر عه‌بادى دايه‌وه، كه ئاماژه‌ى به رۆڵى هێزى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى داعش نه‌كردبوو.
ده‌قى راگهيهندراوهكه
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9/12/2017 به‌ڕێز حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق له كاتێكدا كۆتاييهاتنى شه‌ڕى دژى داعشى له عێراق ڕاگه‌ياند، پيرۆزبايى له هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق كرد و ناوى هێنان، به‌ڵام به هيچ شێوه‌يه‌ك ناوى پێشمه‌رگه‌ى نه‌هێنا و هيچ ئاماژه‌يه‌كى بۆ ڕۆڵ و قاره‌مانيه‌تيى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى دژى داعشدا نه‌كرد.
به‌داخه‌وه به‌ڕێز عه‌بادى جارێكى ديكه‌ش نه‌يتوانى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زيرانى وڵات مامه‌ڵه بكات و ڕۆڵى پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان پشتگوێ نه‌خات، له كاتێكدا جيهان شاهيده كه يه‌كه‌مجار پێشمه‌رگه به‌ر له هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانى ديكه‌ى عێراق كه ئه‌و ناوى هێنان و پيرۆزبايى لێ‌كردن، ئه‌فسانه‌ى داعشى تێكشاند و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نهبووايه هيچ دوور نه‌بوو ئێستاش داعش نيوه‌ى جوگرافياى عێراقى له‌ژێر ده‌ستدا نه‌بێت.
به‌ڕێز عه‌بادى كه ئه‌مجاره‌ش نه‌يتوانى ڕق و قينهى خۆى بۆ پێشمه‌رگه بشارێته‌وه، نازانين و قه‌ت له‌وه تێناگه‌ين چۆن وێژدانى ئارام ده‌بێت؟، چى به منداڵان و خانه‌واده و كه‌سوكارى (1824) پێشمه‌رگه‌ى شه‌هيد و زياتر له (10) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى بريندار ده‌ڵێت كه خۆى به سه‌رۆك وهزيرانيان ده‌زانێت و له‌پێناو شكاندنى داعشدا شه‌هيد و بريندار بوون؟! ئيتر به چ ڕوويهكهوه له وان و له گه‌لى كوردستان چاوه‌ڕوان ده‌كات ئينتيمايان بۆ عێراق هه‌بێت، له كاتێكدا ئه‌مه حاڵ و مامه‌ڵه‌ى سه‌رۆك وهزيرانهكهى بێت؟!.
پێگه و ڕێز و خۆشه‌ويستيى پێشمه‌رگه و خانه‌واده سهربهرزهكانيان له‌ناو گه‌لى كوردستان و له جيهانيشدا زۆر له‌وه گه‌وره‌تره ڕۆژێك له ڕۆژان پێويستى به پيرۆزباييى به‌ڕێز عه‌بادى و هه‌موو ئه‌وانه بێت كه به‌م شێوه‌يه بير ده‌كه‌نه‌وه و ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، بۆيه پێشمه‌رگه نه چاوى لێيه، نه پێويستى به‌و پيرۆزبايى و پشووه هه‌يه كه به‌م بۆنه‌يه‌وه ڕاگهيهنراوه، به‌ڵام هه‌موومان بهداخهوهين كه ڕۆژانه ده‌بينين له جياتى هه‌وڵى زهمينهخۆشكردن بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، جه‌نابى سه‌رۆك وه‌زيران پێچه‌وانه ده‌جوولێته‌وه!.
وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه
تعليقات
إرسال تعليق