عێراق رێگە بە وەزیری بەرگری بەلجیکا نادات سەردانی ھەولێر بکات

حکومەتی عێراق رێگەی بە وەزیری بەرگری بەلجیکا نەدا سەردانی هەولێر بکات و لەبەرامبەردا حکومەتی بەلجیکا باڵیۆزی عێراقی بانگهێشتکردووە بۆ روونکردنەوە.

دلاوەر ئاژگەیی ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا کە ناوەندەکەی لە برۆکسلە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سیڤن ڤاندەپوت وەزیری بەرگری بەلجیکا بەنیاز بووە سەردانی بەغدا و ھولێر بکات بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ھێزە بەلجیکییەکان لەو دوو شوێنە. بەڵام حکومەتی عێراق رێگەی پێنەداوە کە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات. ھەر بۆیەش وەزیری دەرەوەی بەلجیکا بڕیاری داوە سەردانەکەی بۆ عێراق ھەڵوەشێنێتەوە".

بەگوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ، ئەم رووداوە حکومەتی فێدراڵی بەلجیکای نیگەرانکردووە و ھەربۆیەش هەڵوێستی تووندی حکومەتی بەلجیکای بەدوای خۆیدا هێناوە و باڵیۆزی عێراق لە بەلجیکا بۆ وەزارەتی دەرەوە بۆ پێدانی روونکردنەوە بانگهێشتکراوە. دلاوەر ئاژگەیی گوتی: "ئەم رووداوە کاردانەوەی لە میدیاکانی بەلجیکا بە دوای خۆیدا ھێنا".

ئەمە یەکەم کاردانەوەی وڵاتێکی ئەوروپی نییە کە بەهۆی هەولێرەوە بەرپرسێکی باڵای سەردانەکەی بۆ بەغدا هەڵدەوەشێنێتەوە. پێشتر و لە مانگی 11-ی 2017 میدیای ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە زیگمار گابرێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پلانی هەبووە سەردانی عێراق و پاشان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات ، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق رێگەی بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان نەدا ، بۆیە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش سەردانەکەی بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە.

لەدوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە باشووری کوردستان لە 25-9-2017 بەغدا کۆمەڵێک سزای سیاسی و ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە کە دیارترینیان داخستنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانە لە هەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی و لەوکاتەوە رێگە بە دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان نادات سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن