ئایا هەڵبژاردن دەکرێ ؟

ئەمەریکا دوای شەڕی داعش هەوڵی دەدا حەیدەر عەبادی حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێتەوە و رێگربێت لەوەی حەشد و سەرکردەکانی بەشداری لەهەڵبژاردن بکەن ، هەروەها شەری گەندەڵێ رابگەیەنێت !
عەبادی بە پێچەوانەی ئەو داوایانەی ئەمەریکا ، رێگای دا حەشدی شەعبی بەشداری هەڵبژاردن بکەن و لەکاتی نایاساییدا بەیەک لیست هاوپەیمانیشی لەگەڵدا راگەیاندن و هەرەشەکانی رابردوشی کە لەدژی گەندەڵی کردبووی ، بوون بە بڵقی سەرئاو.

حزبی دەعوە کە لەدوای روخانی رژێمی صەدامەوە دەسەڵاتداری عێراقە ، بۆ هەڵبژاردنی ئایندە بەدوو هاوپەیمانی جیاواز بەشداری لەهەڵبژاردن دەکات کە مالیکی سەرۆکی یەکێکیانە و عەبادیش سەرۆکی ئەوەکەی تر ، واتا چ مالیکی بێ یان عەبادی هەر ئەو حیزبە دەسەڵات وەردەگرێتەوە ، هەڵبژاردەی عێراقیەکانیش بۆ جارێکی تر لە نێوان سندان و قوزەڵقورتدا دەبئ یەکیان هەڵبژێرێ .

ئەمەریکا دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردودا کوردی بەقوربانی حەیدەر عەبادی کرد ، ئەو هەڵسوکەوتە بووە هۆکارێک کە عەبادی تا ئاستی بێمنەت بوون لە ئەمەریکا هەنگاو بنێت .
ئێستا ئەمەریکا لە عێراقدا لەبەردەم دوو رێیانێکدایە ، یان دەبێ هەڵەکانی رابردووی چاک بکاتەوە ، یانیش دەبێ بەشکستی خۆی رازی بێ لە عێراق بەرامبەر ئێران و بەریتانیا .
ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەم شێوەیەی ئێستا ، جگە لەوەی کڵاوخستنەسەری ئەمەریکایە ، لە دواى كورد و سوننە ، ئەمەریکا دۆڕاوی یەکەم دەبێ تێیدا ، کەواتە ئەو لوغمانەی ئەمەریکا لە عێراق لەماوەی رابردودا دایناوەتەوە ، ئەگەر پێش هەڵبژاردن نەیانتەقێنێتەوە ، ئەوا یەکەیەکەیان دواجار بەخۆیدا دەتەقنەوە .
تەقاندنەوەی لوغمەکان بەواتای دواخستنی هەڵبژاردن دێت ، نەتەقاندنەوەشی ئایندەی تڕەمپ دەخاتە مەترسیەوە لەبەرامبەر دیموکراتەکان.

#نیازحاجی

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن