سوید لێکۆڵینەوە لە مردنی حەمە ئاواتی ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان دەکات

پاش ئەوەی هاوسەر و دوو کچەکەی حەمە ئاواتی ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بەهۆی ئەوەی کە نیشتەجێی سویدن بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە مردنی ناوبراویان بردەوە سوید و لەوێ سکاڵایان تۆمار کرد، داواکاری گشتی ئەو وڵاتە بڕیاری لێکۆڵینەوەی زیاتری کردووە لەو دۆسییەیەدا.
مینا-ی کچە گەورەی حەمە ئاوات لە سویدەوە لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت: چەند رۆژ تەلەفۆنمان کرد بۆ باوکمان، وەڵامی نەبوو، پاشان ناسراوێکمان راسپارد کە بڕوات بۆ ماڵەوە، بەڵام تەرمی باوکمی لەوێ بینیبوو.
حەمە ئاوات ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی جڤاتیش بوو، رۆژی ١١/٩/٢٠١٧ لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی سەروەری شاری سلێمانی تەرمەکەی بەشێواوی دۆزرایەوە، لەکاتێکدا بڕیار بوو رۆژی ١٢/٩/٢٠١٧ لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بگەڕێتەوە بۆلای ماڵ و منداڵی لە سوید کە رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەبوو.
پاش مردنی ناوبراو، لە میدیاکانەوە وا راگەیەندرا کە ناوبراو بەهۆی زۆر خواردنی مەی مردووە، خێزانەکەشی بڕوایان بەم چیرۆکە هێنابوو، بەڵام وتەی چەند شایەتحاڵێک و دکتۆرێکی پزیشکی دادی سلێمانی و دواتر بینینی چەند وێنەیەکی تەرمەکەی، دەرگای گومانەکانی کردەوە.
تیمی گواستنەوەی تەرمەکەی حەمە ئاوات بۆ پزیشکی دادوەری، بەهۆی هەڕەشەی چەند چەکدارێکی دژەتیرۆری یەکێتی کە جل و بەرگی ئاسایشیان لەبەردابووە، هەر لەوێ هەستیان بەوە کردبوو کە ئەم کەسە بەهۆی مەیەوە نەمردووە، بەڵام هەڕەشەیان لێکرابوو، بێ دەنگ کرابوون.
دواتر لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتی پزیشکی لە پزیشکی دادیی، یەک لە پزیشکەکان لە رای پزیشکدا نووسیبووی کە هۆی مردنی ناوبراو، ژەهراوی کردن و ئەشکەنجەی جەستەییە، بەڵام لەژێر هەڕەشەی دژەتیرۆر و شەخسی لاهور، راپۆرتەکەیان پێ گۆڕی بوو و کردیانە هۆکاری مەی، هەڕەشەش لەو پزیشکە و تیمی پزیشکی کرا  کە هیچ نەدرکێنن.
پاش چەند رۆژێک ئەم زانیارییانە و چەند وێنەیەکی تەرمەکەی گەیشتنەوە بنەماڵەی حەمە ئاوات، ئەوانیش لە سوید وەک رێکاری یاسایی بەڵگەنامەی کۆچکردوویان پێشکەش بە لایەنی فەرمی ئەو وڵاتە کردووە، هاوکات بە نیشاندانی وێنەکانی تەرمەکە و راگەیاندنی هەندێک زانیاری، بەرپرسانی دادی ئەو وڵاتەیان هێنایە سەر خەت کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە لەو وڵاتە بکرێتەوە، چونکە ناوێرن لە سلێمانی زۆر بەدوای بابەتەکەدا بچن.
یەکێک لە کەسە نزیکەکانی (چنور)ی خوشکی حەمە ئاواتیش لە هەڵەبجە رایگەیاند کە، رۆژی ١٥/٩/٢٠١٧ لە مەراسیمی رێزلێنان لە حەمە ئاوات لە گۆڕستانی گوندی عەبابەیلێ، شەڕە قسە لەنێوان (سمە بۆق)ی هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و (مەهابادی شێخ ئەمین)ی ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتیمانی روویداوە، چنوری خوشکیشی هێرشی کردۆتە سەر مەلا بەختیار کە لەوێ ئامادە بووە. چنور بەدەم گریانەوە هاواری کردووە و وتوویەتی: ئێوەی یەکێتی کەی سنوورێک بۆ لاهور دادەنێن؟ خۆ نەوشیروانیش نەیتوانی سنوورێک بۆ کاکە سەرکەوت دابنێت. بەس نیە کوشتن!؟ براکەم لەبەر بەرگری لە شەرەفی ئافرەتێکی ئەم شارە کوژرا.
هەر لە پرسەکەی ناوبراو لە هەڵەبجە ئەوە زانراوە کە هۆکاری کوشتنی حەمە ئاوات ئافرەتێکی هەڵەبجەیی بووە، ئەو ئافرەتە کە کچێکی گەورەشی هەیە دوو مانگ بەر لە مردنی حەمە ئاوات، لە سلێمانی پەنای بۆ بردووە و پێی راگەیاندووە کە سەرکەوتی کوبە بە فشار و هەڕەشە بەردەوام لە شوقەکانی گاردن ستی دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر خۆی و کچەکەی، حەمە ئاوات بەڵگەی تەواویان لێ وەردەگرێت و دەیەوێت کاری لەسەر بکات و کەیسەکە لە دادگا بجوڵێنێت. بەڵام برادەرێکی نزیکی حەمە ئاوات خیانەتی لێ دەکات و سەرکەوتی کوبەی لێ ئاگادار دەکاتەوە. سەرکەوتی کوبەش بەهۆی ئەو نزیکییەی کە لەگەڵ لاهور جەنگی هەیەتی و قۆستنەوەی دژایەتی حەمە ئاوات بۆ رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، پەنا بۆ لاهور دەبات و داوای هاوکاریی لێ دەکات. لاهوریش هەلەکە دەقۆزێتەوە و ئاسانکاریی تەواوی بۆ دەکات و بەپێی پلانێک، دوو لە پیاوەکانی دەنێرێتە ماڵی ناوبراو کە لەو کاتەدا حەمە ئاوات خەریکی مەی خواردنەوە بووە. ئەو دوو کەسەی سەر بە لاهور پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆری جەستەیی، حەمە ئاوات دەرمان خوارد دەکەن و دەیکوژن، تەرمەکەشی لە ماڵەکەدا بەجێ دەهێڵن بۆئەوەی وا دەربکەوێت کە بەهۆی زۆریی مەی نۆشینەوە مردووە.

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن