بێدەنگی بارزانی بێدەنگی پێش تۆفانە
ئەو بێدەنگییەی بارزانی لای زۆر كەس و لایەن بووەتە مایەی پرسیار، لەلایەكی دیكەشەوە وەك مەترسییەك سەیر دەكرێت. هەندێك رەنگبێ وا بیر بكەنەوە كە بارزانی هەڵەیەكی مێژوویی كردووە و باجەكەی دەداتەوە، بەڵام لەڕاستیدا، بارزانی رووداوێكی خولقاند كە لە سەت ساڵی رابردووی مێژووی خەباتی نەتەوەیی كورددا وێنەی نەبووە. پرسیاری هەرە ئاسان ئەوەیە كە مادام ئەنجامی گشتپرسیی كوردستان هێندە بێ بایەخ و بێكاریگەری بوو، بۆچی هەموو دنیا دژی وەستانەوە؟ مادام ئەنجامی گشتپرسیی كوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی وڵاتی بەناو عێراق هەڵوەشاوەتەوە، ئەدی چ مەترسییەك و بیانوویەك ماوە كە بەغدا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات؟ بۆچی بەغدا سەرباری هەموو گوشارە نێودەوڵەتییەكان و ملكەچبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی گفتوگۆ نییە؟
راستییەكەی ئەوەیە كە بارزانی هەموو تەڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی تەقاندووە. كورد لەسەردەمێكدا ناژیەت كە بەڵێنێكی وەكو( بلفۆر)ی پێ بدرێت، بگرە دەبێ بەڵگەیەكی وەكو ئۆكراینا، كەتەلۆنیا و كۆسڤۆی لەبەردەست بێت كە بتوانێ لە داهاتوودا سەربەخۆیی پێ رابگەیەنێت، جا با دە رۆژ نەبێ و دە ساڵی دیكە بێت. ئەوانەی دژی ئەنجامدانی گشتپرسی بوون، ئەگەر یەك بیانووی باوەڕپێكراویان هەبایە، 92%ی خەڵك دەنگیان بە جیابوونەوە لە وڵاتی بەناو عێراق نەدەدا! دە ساڵە بەغدا ئیش لەسەر تێكدانی ناوماڵی كوردستان دەكات و لە رێگەی كۆمەڵێك خەڵكی عێراقچی كە بەرژەوەندییەكانیان لەوێوە دابین دەكرێ، حیزب و مێدیای ئاراستەكراوی دژ بە خواستەكانی گەلی كوردستانیان بەرهەم هێناوە.
بارزانی گۆڵێكی گەورەی لە داهاتووی عرووبە و تەشەیوعی حوكمڕانیی بەغدا كردووە، ئێستا نۆرەی گۆڵی دووەمە كە ناو ماڵی شیعە تێكبدات. رەنگبێ ئەوە بەدڵی ئەمریكا نەبێت و بەوە سەغڵەت بێت كە هێشتا یاسا و رێساكانی یارییەكانی گەیشتنە تەختی حوكمڕانی لە بەغدا، لە دەست هەولێر بێت! بەڵام بارزانی هێشتا سورپرایزی بۆ بەغدا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتی ئیقلیمی پێیە. راستە بێمنەتانە چووەتە ژێر باری باجی قورسی سەربەخۆیی، بەڵام دەبێ هەموو ئەو كەس و ناكەسانەی كە لە 25ی ئەیلول، پەنجەی مۆركراویان وەكو(بەڵێ) بەرز دەكردەوە و خەونی راستەقینەیان (سەرخواردن)ی بارزانی بوو تا (سەربەخۆیی)، لەوە تێبگەن كە ئەو (بێدەنگییە) بێدەنگیی پێش تۆفانە.
تعليقات
إرسال تعليق