هەرێمی فیدڕاڵی ڕۆژئاوا ڕادەگەیەندرێ و باشوریش دەبێت بەکۆمار
شتێک نەماوە بە ناوی حکومەت و سیادەی عێراقی، ئەوەی هەیە هەژموونی ئێرانی شیعییە، کوتلە شیعییەکانی عێراقیش درێژکراوەی هەمان ڕەوتن کە دژ بە هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانن جگە لە بەڕیتانیا.
بەڕیتانیا تەنیایە و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەموو هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هەژموون و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل بە کشانەوە کۆتایی هاتووە، دوا کارتی کە کۆماری سێدارەی ئێرانە وەک هەموو کارتەکانی تری لە سووتان نزیکە، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەو قومارە مەترسیدارەی حکومەتی ئاکەپەیە لە تورکیا کە پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئاڕاستەی گرتووە و زۆرێک لە ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە کۆتایی دەسەڵاتی ئاکەپە و بە فیدراڵی بوونی حوکم لە تورکیا پێش ئەو سیناریۆیە دەکەوێت کە بۆ ئێران دانراوە.
لەم نێوەندەدا تارماییەک هەیە تورکیا پشتی پێبەستووە، بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە ئەڵمانیا ئەو تارماییە بێت بەو پێیەی ئەڵمانیا دەرفەتی هەیە لە ڕووی هەژموون و هێزەوە جێی بەڕیتانیا بگرێتەوە هەم لە ئەوروپا کە سەردەمێکی خوێناوی لە پێشە، هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە بڕیارە سەردەمێک ئارامی ببینێ دوا بە دوای کۆتایی هاتنی ئەو فەوزایەی دەیان ساڵە تێی کەوتووە.
باشترین بژاردە بۆ سەرکردایەتی نەتەوەیی کوردستان ئەوەیە باڵانسی پەیوەندی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەڵمانیا و ڕووسیا ڕابگرێت و بە هەموو شێوەیەک لە بەڕیتانیا و ئێران دوور بکەوێتەوە، یەکەم هەنگاویش بۆ ئەمە مراوەغە کردنە بە کات بەرامبەر بە شیعەی عێراق و هەوڵدان بۆ پەکخستنی هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە ئەمساڵدا بکرێت.
لێرەدا ئەوەی گرنگە باسبکرێت دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڕەشەکانی حکومەتی تورکیایە، ئایا تورکیا دەرفەتی ئەوەی هەیە هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات بێ ئەوەی دووچاری مەترسی گەورەتر بێت؟ ئەڵمانیا چۆن پشتی ئەگرێت لە کاتێکدا ئەڵمانیا هێشتا داگیرگەیەکی ئەمریکایە؟ هەموو ئەمانە ئاماژەی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئاکەپە و دامەزراندنی هەرێمێکی فیدراڵە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمەش ئەو کاتە ڕوودەدات کە هەریەک لە حکومەتی تورکیا و ئێران نزیک بوونەتەوە لە ماڵئاوایی کە هاوکاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەبێت لە باشووری وڵات.
ئارتین جەلال بەگ
تعليقات
إرسال تعليق