یەکێ لە گەورەترین خراپییەکانی دیموکراسی ئەوەیە..

یەکێ لە گەورەترین خراپییەکانی دیموکراسی ئەوەیە هیچ پێوەرێ نیە بۆ بەشداری کردن لە سیاسەت، ئەگەر پێوەر هەبووایە بۆ دروستکردنی حیزبی سیاسی و یاسا ستانداردە جیهانییەکان ڕێکاربان هەر یەک لە گۆڕان و کۆمەڵ لە حیزبی سیاسییەوە ئەبوو نزم بکرێنەوە بۆ ڕێکخراو یا کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی شانۆگەری و فیلمی قەشمەرجاڕی (کۆمێدی نا).

بیرمە چەن ساڵ بەر لە ئێستا باسی ئەوەم کرد چەنێ کۆڵین لە پێوەرکارییا، هەڵسەنگاندنمان بۆ هەر شتێ لە جێی عەقڵ عەتف بڕیاری لێ ئەیا، دەرەنجامیش ئەوەیە کە ئێستا گۆڕان و کۆمەڵ نوێنەری خەڵکێکی زۆرن، سبەینێش هەر یەک
لە هاودید و نەوەی نوێ سواری هەمان شەپۆل ئەبن کە عەتفی ڕەش و ڕووت خوڵقاندوویەتی،
منیش تۆزێ پارە و گرد یا تەپۆڵکەیەکم هەبێ ئەتوانم لەوان باشتر هەڵتانسووڕێنم، هەڵبەت ئەگەر بتوانم ئەخلاقم لە پێ کەم.

یەکێکی تر لە خراپییەکانی دیموکراسی ئەوەیە پێوەر بۆ مافی هەڵبژاردن تەمەنە لە جێی ئاوزان و فامین، من خەڵک ئەناسم تەمەنی سەرو شەست ساڵە و هێشتا هەرزەکارە و باڵغ نەبووە، خەڵکیش ئەناسم تەمەنی ناگاتە چوار ساڵ بەڵام حەزەکەم بە ساڵ گوێی لێ بگرم و قسەم بۆ بکا.

یەکێکیتر لە خراپییەکانی ئەم سەردەمە کە هەر دیموکراسییەت لێی بەرپرسە ئەوەیە ئاستی زیرەکی و خوێنەواری بە شەهادە و بڕینی قۆناغەکانی خوێندن ئەپێورێ کە لە بنەڕەتا ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە و کۆڵەواری کۆمەڵگەی ئێمە زۆرترین هۆکاری لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو ساڵانەی لە زانکۆ بووم ئەلیف تا یائی مامۆستاکانم تەنها شەهادەدار بوون نەک خوێنەوار، هەر ئەوسا کە ئەوان ئەبوو ئاستی من دیاری کەن ئەمتوانی چەن ساڵێ لە ئیختیصاصی خۆیانا وانەیان پێ بڵێمەوە، بەڵام ئەوان مامۆستا بوون و یەکی دوو سێ دال لە پێش ناوەکانیانەوە بوو.

خوێنەواری و شەهادەداری ئەرز و ئاسمان جیاوازییانە، شەهادەداری ئەوەیە کۆلێژی پزیشکی تەواو ئەکەیت و بوویتە قەصاب، کۆلێژەکانی ئەندازیاری تەواو ئەکەیت و بەقەی وەستایەکی دیوار شارەزا نیت، تەکنەلۆژیای زانیاری تەواو ئەکەیت و لە بازاڕ ئەپڵ ئایدیت بۆ دائەنێن، کۆلێژە جیاوازەکانی زمان تەواو ئەکەیت و لە جێی فێر بوونی زمانێکی نوێ کوردییەکەشت سەقەت ئەبێ، تا دوایی،، بەڵام خوێنەواری بریتییە لە خوێندنەوە و شارەزابوون لە زۆرترین بابەت کە گرنگترینیان مێژوو و جوگرافیا و فیزیا و کۆمەڵناسی و دین و سیاسەت و ماتماتیکن، بەشی دووەمی خوێنەواری بریتییە لە گەڕان و شارەزابوون لە کلتوور و کۆمەڵگەی جیاواز لەو ژینگەیەی خۆت تیای ژیاویت، دوای ئەمانە ئەوەی ئەتکاتە خوێنەوار خۆ خاڵیکردنەوەیە لە ڕق و خۆشەویستی و خۆ سپاردن بە عەقڵ لەو شتانەی پێویستیان بە هەڵسەنگاندن و بڕیاردانە و فێربی چۆن واقیع ببینی و مامەڵەیەکی تەندروستی لەگەڵ بکەیت، هەموو ئەمانەش کۆکەیتەوە پێی ئەوترێ ئەزموون، کەواتە خوێنەواری بریتییە لە ئەزموون کردنی ئەو سێ قۆناغەی سەرەوە نەک شەهادەیەکی ڕەق و تەق کە بە دەم کەپڵبازی و عەرزی سەیارە و تەنوورە و سترێجەوە دەستت کەوتووە.

بیلموناسەبە،، لە دوا داهێنانیا زانکۆی جیهان صاڵۆن و سەنتەری جوانکاری کردەوە لە ناو زانکۆ بۆ خوێنکارە خوێن شیرینەکان، ئەوانەی سبەی ئەم وڵاتە بەڕێوە ئەبەن، داواکار و هیودارم هەرچی زووە زانکۆکانی تریش چاو لە زانکۆی جیهان بکەن تا خوێنکارانی ئەمڕۆ کە نەوەی دواڕۆژن لەم پێشکەوتن و داهێنانە دوا نەکەون و زەرەر بەر پڕۆسەی خوێندن نەکەوێ.

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چی دەربارەی چەکی کارۆموگناتیسی دەزانیت؟ زانیاری دەربارەی لێرەوە بزانن