مه‌لا به‌ختیار واقیعی یه‌كێتی ده‌رخست
شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا
مه‌لا به‌ختیار، وه‌ك سیاسی و رۆشنبیرێكی دیاریی كورد له ده‌ربڕینی بۆچوونه‌كانیدا، هه‌م له‌گه‌ڵ خۆی راستگۆیه و هه‌میش به ئاگاییه‌وه و ده‌شزانێت بۆچی و چی ده‌ڵێت، راسته لایه‌نی سیاسه‌تكردن زاڵه به‌سه‌ر لایه‌نی رۆشنبیریی ئه‌و پیاوه‌دا، به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه به دیقه‌ته‌وه ده‌دوێت و جوانتر له هه‌موو سیاسییه‌كانی ناو یه‌كێتی، دۆخی حیزبه‌كه‌ی و دۆخی سیاسی كوردستانیش هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، راستییه‌كه‌ی هێنده‌ی هه‌موو سیاسییه‌كانی ناو یه‌كێتی له خه‌می دیموكراسییه‌ت و سێكۆلاریزمدایه، به‌ڵام ئه‌وه واقیعه له‌ناو یه‌كێتیدایه و ئیتر هه‌موو شتیش له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا نییه.
له دوایین دیداری ته‌له‌فزیۆنیدا، ئه‌و پیاوه زۆرترین ره‌خنه‌ی نه‌یاره‌كانی و به تایبه‌تی لایه‌نگرانی دكتۆر به‌رهه‌می هێنایه سه‌ر خۆی، ئه‌و به راشكاوی گوتی: یه‌كێتی ئه‌گه‌ر سه‌د كورسی یان یه‌ك كورسیش بهێنێت، هه‌ر یه‌كێتییه. ده‌كرێ ئه‌م بۆچوونه، دروستتر ئه‌و باوه‌ڕه له‌گه‌ڵ بنه‌مای راسته‌قینه‌ی دیموكراسییه‌تدا یه‌ك نه‌گرێته‌وه، چونكه رێژه‌ی ده‌نگ له دیموكراسییه‌تدا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه، واته له وڵاتی دیموكراسیدا، ئه‌گه‌ر به یه‌ك كورسیش بێت، گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتدار له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی دێته خواره‌وه و شوێنه‌كه‌ی بۆ كه‌سێك كه ره‌نگه رابردووی سیاسیشی نه‌بێت، چۆڵ ده‌كات، چونكه دیموكراسییه‌ت رێگه‌ی داوه به‌وه‌ی ده‌نگی زیاتر شته‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه، به‌ڵام گوتنه‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیار كه من پێم ناخۆش بوو ئه‌وجۆره ده‌ربڕینه‌ی هه‌بوو، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێكه له‌و سیاسییانه‌ی زۆرتر له خه‌می دیموكراسییه‌ت و به تایبه‌تی پرسی سێكۆلاریزمه‌وه‌یه و راستگۆترین سه‌ركرده‌ی كورده به ئاشكرا داوای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سێكۆلار ده‌كات، به‌ڵام كاتێك مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت، یه‌كێتی ئه‌گه‌ر یه‌ك كورسی و سه‌د كورسیش بێنێت، هه‌ر یه‌كێتییه، ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه ئه‌و پیاوه دژی دیموكراسییه‌ته، نه‌خێر ئه‌و رێك دۆخی ناو یه‌كێتی راگه‌یاندووه، به‌ڵام به زمانی سیاسییانه‌ی خۆی، به‌جۆرێك به خه‌ڵكی كوردستانی گوت، ئه‌و یه‌كێتییه‌ی ئێستا گرووپی وه‌ك دكتۆر به‌رهه‌می لێده‌بێته‌وه و خه‌ڵكانی دیكه‌ی ناو گۆڕان ده‌یانه‌وێت ده‌نگی دیكه‌ی ببه‌ن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات راده‌ستی ئه‌وانه ناكات، به‌وه‌ش مه‌لا به‌ختیار واقیعی ئێستای ناو یه‌كێتی خسته‌ڕوو و به‌و زمانه سیاسییه‌ی خۆیه‌وه گوتی، به‌ته‌مای ئه‌وه مه‌بن یه‌كێتی له رێگه‌ی ده‌نگ و كه‌مكردنی كورسییه‌وه ده‌سه‌ڵات جێبهێڵێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌شیدا كه یه‌كێتی و پارتی له ئاینده‌دا به یه‌كه‌وه دیسان ئه‌و هه‌رێمه به‌ڕێوه‌ده‌به‌نه‌وه، ئه‌و كۆدی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی ئاشكراكرد كاتێك مه‌ترسی ده‌كه‌وێته سه‌ر، باكی به ره‌خنه و توانج و ئه‌و شتانه نییه و ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت هه‌ر ئه‌وه ده‌كات، ئه‌و به‌وپه‌ڕی بڕوا به‌خۆبوونه‌وه وبه‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به نیگه‌رانیش بكات، باسی له سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی كرد، ، چونكی دیدی ئێستای یه‌كێتیی ئه‌وه‌یه كه مه‌لا به‌ختیار به‌و زمانه سیاسییه‌ی خۆیه‌وه باسی كرد.
هه‌رچه‌ندی نێوانیانیش ناخۆش بێت، به‌ڵام كوردستان به‌بێ پارتی و یه‌كێتی به‌ڕێوه‌بردنی ئاسان نییه، به‌وپێیه‌ی ئه‌و دوو حیزبه ریشه‌ی جه‌ماوه‌رییان هه‌یه و وه‌ك مه‌لا به‌ختیاریش گوته‌نی: ئه‌گه‌ر ئه‌وان یه‌ك كورسیش بهێنن، هه‌ر هه‌مان یه‌كێتین، ئه‌مه بۆ پارتیش ده‌كرێت راست بێت، كاتێك ویستییان له رێگه‌ی كورسیی په‌رله‌مانییه‌وه پارتی فه‌رامۆشبكه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌كانی لێوه‌ربگرنه‌وه، به‌ڵام ئه‌و سیحره به‌تاڵ بۆیه‌وه، چونكه ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه بوون، هاوشێوه‌ی مه‌لا به‌ختیار خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردیان بۆ دۆخه سیاسییه‌كه و ریشه‌ی جه‌ماوه‌ری پارتی نه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ش دۆخی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی ویستی حزبایه‌تی بكات، به‌وه گه‌یشت كه سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ره‌خنه ده‌گرێت، له بری ئه‌وه‌ی له هۆڵی په‌رله‌ماندا خه‌ریكی پڕۆژه یاساكان و چاودێریكردنی ئه‌ندامه‌كانی بێت.
مه‌لا به‌ختیار هه‌رچه‌نده بۆچوونه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌مای راسته‌قینه‌ی دیموكراسییه‌ت نایه‌ته‌وه، به‌ڵام پێویسته رێز له‌و راستگۆییه‌ی ئه‌و پیاوه بگرن كه پێمانده‌ڵێت، كورسی و ئه‌و شتانه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا سوودیان نییه و یه‌كێتی ئاماده‌یه له پێناو ده‌سه‌ڵاتدا كێشه دروستبكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له كاتی خۆیدا پۆستی پارێزگاری سلێمانی نه‌دایه گۆڕان، چونكه ئه‌وكاتیش حسابی بۆ رێژه‌ی ده‌نگ نه‌كرد.
واقیعێكی دیكه‌ش هه‌یه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هیچ حزبێكی ته‌واو دیموكراسی بوونی نییه و ئه‌وه‌ی ئێمه له حزبی كوردی ده‌خوازین، یان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك حزبه دیموكراسییه‌كانی ئه‌وروپا بن، ره‌نگه خواستێكی راسته‌قینه و لۆژیكی نه‌بێت، چونكه هه‌ر خۆی دیموكراسییه‌ت له‌ڕووی كولتوورییه‌وه له رۆژهه‌ڵاتدا له غیابێكی جه‌وهه‌ری و قووڵدایه و شتێك به‌ناوی كولتووری دیموكراسییه‌ته‌وه بوونی نییه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپاوه كه كولتووری دیموكراسییه‌ت ریشه‌یه‌كی مێژوویی قووڵی هه‌یه و له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كاندا، ئه‌ویش گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه دیوه، تا ئاستی ئه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌واو له سایه‌ی دیموكراسییه‌تدا هه‌ستی به ئارامی و خۆشگوزه‌رانی كردووه، به‌وپێیه‌ی كولتووری دیموكراسییه‌ت له كاروباریی حكوومه‌تیشدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی هاووڵاتییبوون جێگه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له رۆژهه‌ڵاتدا ده‌گوزه‌رێت، ته‌واو پێچه‌وانه‌یه و هه‌تا ئێستا له به‌رانبه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێك كه یه‌كێكه له ره‌گه‌زه‌كانی دیموكراسییه‌ت، له عێراقدا به تانك و تۆپ وه‌ڵامده‌درێته‌وه، كه‌وایه بۆچی مه‌لا به‌ختیار ئه‌و راستییه په‌رده‌پۆش بكات و بڵێت، ئێمه دیموكراسین، له كاتێكدا خۆی ده‌زانێت ئه‌گه‌ر حزبه‌كه‌ی یه‌ك كورسیش بهێنێت، ده‌سه‌ڵات بۆ لایه‌نی براوه چۆڵ ناكات!
تعليقات
إرسال تعليق