ئاڵا تاڵەبانی لە بەغدا خۆی کاندید دەکات.
جارێکی دیکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر داواکاریی گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر، ئاڵا تاڵەبانی بۆ ئەندامێتیی پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای بەغدا کاندید دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی (باسنیوز) لە ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەستی کەوتووە، ئاڵا تاڵەبانی، لەلایەن یەکێتی و لەسەر داواکاریی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، بۆ ئەندامێتیی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای بەغدا کاندید کراوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە گرووپەکە پێیانوایە بەهۆی ئەو پێگە جەماوەرییەی ئاڵا تاڵەبانی لە سایەی هەڵوێستە عێراقییەکانی لەنێو بەغدا درووستی کردووە، دەنگی پێویستی دەنگدەرانی عەرەبی بەغدا بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق دەهێنێت.
لەمبارەیەوە فەرید زامدار، نووسەر و ئەندامی پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئاڵا تاڵەبانی ھیچ متمانەیەکی خەڵکی کوردستانی نەماوە، بۆیە ناچار لە بەغدا کاندید کراوە. گوتیشی: ”لە حاڵەتی دەرچوونیدا، دوور نییە ئاڵا تاڵەبانی بچێتە نێو پێکهاتە شیعەکانەوە، ئەوەتا خۆشی دەڵێت کە ڕەچەڵەکی خۆی بە شیعە و هۆزی بەنی ئەسەد دەزانێت“.
بە بڕوای زامدار، ئاڵا تاڵەبانی ئەگەر دەنگی پێویستیش بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق نەهێنێت، ئەوا لەلایەن حەیدەر عەبادی یان نووری مالیکی، سەرکردە شیعەکانی عێراقەوە هاوکاری بکرێت، تاوەکوو جارێکی دیکە ببێتەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی کوردستان بوەستێتەوە.
پێشتر ئیسلام حوسێن، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە ئاڵا تاڵەبانی لە خەمی کورد و کوردستان و تەنانەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا نییە، بەڵکوو ”لە خەمی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆی و گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر دایە“.
تعليقات
إرسال تعليق