زەمەنی سوکەکان
پەرلەمانتار لە لیستی کوردیدا چیت بۆ ئەکات، لە لیستی عەرەبییشدا ئەتوانێ هەمان شتت بۆ بکات، چونکە ئەو ئەسڵەن هیچت بۆ ناکات!
پەرلەمانتار سودەکەی گرنگە نەك لیستەکەی، سودی ئەویش بۆ تۆ هەمیشە سفرە. ئەو لە هەر لیستێکابێت ئەم ژمارەیە ناگۆڕێت، ئەوەشی کە پەیوەندی بە تۆوە هەیە ئەم ژمارەیەیە، جا چونکە ئەم ڕەقەمە هەمیشە سفرە، تۆش ئەو زەڕبی سفر بکە.
ڕاستی ئەوەیە کە پەرلەمانتاریی (سەفقەیەکی چەورەو هیچی تر) کاندیدیش مەخلوقێکی درۆزنە، چونکە هەزارو یەك درۆت بۆ ئەکات بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییەت لێ ون بکات.
کاندیدی پەرلەمانی عێراق بەرچاوی ڕوونەو ئەزانێ چی ئەوێت؛ ٣٠ملیۆنەکەی مانگانەو ئیمتیازەکانی تر ئامانجە، خەڵك و دەنگدان و ئەفکارو مەبادئو وڵات و هەموو شتەکانی تر وەسیلەن.
ئەمەش نزمترین ئەخلاقی سیاسییە، بەڵام نزمترین هۆشیاری و کەرێتیشمان هەیە، ئەوەی کە تۆ ببیت بەو وەسیلەیەو ئەو بگەیەنیت بەو ئامانجە!
کاتی لە زانکۆبووم، کوڕێك هەبوو سوکترین تەلەبەی جامیعە مەشوربوو، چونکە چوار کچ بە یەکەوە وەستابوون چووبوو داوای عیلاقەی لە هەر چواریان کردبوو!!
یەکەم ڕازی نەبوو بە دووەمی وتبوو. ئەویش ڕازی نەبوو بە سێیەمی وتبوو. ئەویش ڕازی نەبوو بە چوارەمی وتبوو .. ئەم هەتیوە بۆی گرنگ نەبوو کێ کەپڵی بێ و چۆن کەپڵی بێت، گرنگ ئەوەبوو کەپڵێکی هەبێت، ئەم کاندیدە سووکانەش بۆیان گرنگ نیە لە کام لیست بن، گرنگ ئەوەیە کاندیدبن!
ئێ باشە چۆن ڕوویان دێ وابن؟!
وەڵامەکەی هەر ئەوەنیە کە ئەوان بێ حەیاو بێ شەرمن، ئەمە دیوێکی وێنەکەیە، دیوەکەی تر ئەوەیە کە ئێمەش هی ئەوەنین ئەوان شەرممان لێ بکەن!
ئاخر ئەوان هەرچییەك بکەن، بەشێك لە ئێمە هەر محامیانین، هیچ شتێك نیە کە ئێمە هەموومان پێکەوە دژ یان لەگەڵی بین، ئەمەش دۆخی نەمانی هاوبەشییە.
هەموو فکرێك ئەخلاقیاتێك دروس ئەکات، هەیمەنەی فکر بە مروری زەمەن لە ئاگایی خەڵکەوە ئەپەرێتەوە بۆ نائاگایی و لاشعوریان، کۆمەڵگای ئێمەش نزیكەی سەدەیەکە لە ژێر هەیمەنەی ناسیۆنالزمی نەژادییدایە، ئەم فکرە ئۆتۆماتیکی لە زهنی ئێمەدا شتانێکی کردووە بە ئەخلاقیی و شتانێك بە نائەخلاقیی، ئێستاش کە زەمەنی کەوتنی ئەو فکرەکەیە، ئاسایی ئەخلاقەکەشی ئەکەوێ..
قسەی منیش ئەوەنیە کە ئەخلاقی کاندید بە پێوەری 'کوردایەتی' بپێوم کە فکرەکە خۆی ئیفلاسی ئەخلاقیی کردوە. قسەی من ئەوەیە جیا لەو ئەخلاقەی کە فکر بۆ مرۆڤی دروستی ئەکات، مرۆڤ خۆی لە فەراغی ئەخلاقدا نیە، ئەفکارەکان هەبن یان نا، کۆمەڵێك قیەمی باڵا هەن کە مرۆڤ کۆکە لەسەریان.
مەسەلەن 'درۆ' لە هەموو کات و شوێنێکدا ئەخلاقێکی ناشرینە، تۆش کە ئەچیتە ناو لیستێکی عەرەبیی، مەسەلەکە تێپەڕاندنی قەومییەت و تائفییەت نیە، ئەمە درۆیەکە ڕاستییەکی پێ ئەشاریتەوە کە ٣٠ ملیۆنەکەیە!
یەعنی مەسەلەکە فکریی نیەو لە فکرێکی جیاوازەوە نەهاتووە کە تۆ هەتە، مەسەلەکە ئەخلاقییەو لە ئەخلاقێکی سادەوە هاتووە کە نیتە.
هاوڵاتیبوون هاوردە ناکرێ، ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە لە دیمەشقەوە هاوردە نەکراوە، لە ڕۆژئاوا بەرهەم هێنراوە. ئەوەشی لە باشور هاڕەی کردووە، لە باشورەوە دروست ئەکرێتەوە نەك لە بەغداوە، چونکە بەغدا بەدرێژایی سەدەیەك و ئێستاشی لەگەڵبێ بەشێکە لە شکاندنەکە!!
جا تۆ ئەتوانی گیرفانت لە بەغدا پڕبکەیتەوە، بەڵام ناتوانی تاکی باشور لە بەغداوە دروست بکەیتەوە. ئەو پڕکردنەوەیەشمان بە سیعری دروستکردنەوە پێ مەفرۆشەرەوە بۆ ئەوەی پێت نەڵێین
درۆزن.
پەیکار عوسمان
تعليقات
إرسال تعليق